لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان بانگھێشتی وەزیرانی پهروهردهو خوێندنی باڵا دەکات

هەولێر-KDP.info- بەمەبەستی گفتوگۆکرکردن لەسەر چەند پرسێکی پەروەردەیی و خوێندنى باڵا، نیوەڕۆی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بەسەرپەرشتیی عبدالسلام دۆڵەمەڕی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبونی جێگرى سهرۆكی لیژنهو بڕیاردەرو ئەندامانی لیژنەكه کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر پرسی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی سەر بەھەردوو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئەندامانی لیژنەكه ڕاو سەرنجەکانیان خستەڕوو، بۆ ڕاوێژو دەرکردنی بڕیاری پێویست بڕیاردرا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بانگھێشتی ھەردوو وەزیری پەیوەندیدار بکرێت بۆ ئامادەبوون لەکۆبونەوەی لیژنەكه بۆ خستنەڕووی پلانی ههردوو وهزارهتی ناوبراو بۆ دڵنیابوون لەچارەنووسی قوتابیان و خوێندكاران لە ئەگەری بەردەوامبوونی ڤایرۆسی کۆڤید١٩و خستنهڕووى پێشنیازی لیژنەكه بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی خوێندن.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا کێشەو گرفتەکانی دابەزاندنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگهكان خرایەڕوو، ههروهها بابەتی کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگهکانی تایبەت و پاڕالێل و چارەنووسی کۆلێژی زانستە تەندروستییەکان و چارهنووسی ٢٤٠ قوتابی و زانکۆی ستراتفۆردی ئەمریکی و چارەنووسی وانەبێژان و ماف و شایستە داراییەکانیان گفتوگۆی لەسەر کرا.
ههروهها لیژنهكه پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە بۆ کوڕ و کچی شەھید و ئەنفالکراو و زیندانیانی سیاسی و سێ یەکەمهکانی زانکۆ و پرسی تاقیکردنەوەی تەمھیدیی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بەھەموو بەشەکانییەوە لە قەزاکان باسی لێوهكراو بڕیاردرا لەگەڵ وەزارەتی تایبەتمەند لە کۆبوونەوەی داھاتووی لیژنە تاووتوێ بکرێن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا سەرۆکی لیژنە ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو کێشانە و چەندین کێشەو گرفتی تر لە کۆبوونەوەی ھەفتەی ئایندە باسدەکرێن و ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرو دانانی میکانیزمی گونجاو دەدرێت لەسەر کۆی گشتیی پرسەکان.




