موحسین سەعدوون: ناتواندرێت دەستوور ھەموار بكرێتەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق رایگەیاند، بە ھۆی ئەوەی ھەندێك لایەن دەیانویست دەستكاریی ئەو ماددانە بكەن كە پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستانەوە هەیە لە دەستووردا، نەتواندرا ھەموار بكرێتەوە، بۆیە ماوەی لیژنەكان كۆتایی ھاتووە و لەم خولەدا ھەموار ناكرێتەوە.
موحسین سەعدوون، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوو لیژنە بۆ ھەمواركردنەوەی دەستووری عێراق پێك ھاتبوون، بەڵام مۆڵەتی كاركردنیان تەواو بوو و نەیانتوانی دەستوور ھەموار بكەنەوە، چونكە ئەوان دەستیان بۆ ئەو ماددانە دەبرد، كە پەیوەست بوون بە ھەرێمی كوردستان، لەوانە ماددەی ١٤٠كە ئەمە بە ھیچ شێوەیەك كورد رازی نابێ دەستكاری بكرێت.
سەعدوون گوتیشی، ئەو لیژنانە ناتوانن بگەنە رێككەوتن، چونكە دەستوور وەكو پڕۆژەیاساكان نییە و ھەر پێكھاتەیەك رازی نەبێت، ناتواندرێت ھەموار بكرێتەوە، بێگومان كوردیش ناڕازین دەستكاریی ماددەی١٤٠ بكرێت، كە ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی پەرلەمان نەتوانێت دەنگی لەسەر بدات".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، بەپێی دەستوور، ئەگەر ھەموار بكرێتەوە، ٣ پارێزگا رازی نەبن لە راپرسیی ھەموارەكە، شكست دەھێنێت، بۆیە ناتوانن دەستوور ھەموار بكەنەوە.
پەرلەمانی عێراق چوار مانگی بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور دانابوو، ئێستاش چوار مانگ زیاتر تێپەڕ بووە و كاری لیژنەكان كۆتایی ھاتووە و نەیانتوانی دەستوور ھەموار بكەنەوە، بۆیە بە ھۆی نزیكبوونەوەی ھەڵبژاردنەكانەوە، لەم خولەدا دەستوور ھەموار ناكرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




