ژیان تاھر: مینحە بۆ زیاتر لە ھەزار زیندانیی سیاسی خەرج دەکرێت

هەولێر-KDP.info- دوای بڕینی مینحەی ئەو زیندانییانەی ماوەی یاساییی تەواو کردووە، بڕیارە مینحە بۆ ئەو زیندانییانە بگەڕێتەوە کە ھیچ مووچەیەکیان نییە و جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دوای پێداچوونەوە مینحەیان بۆ دەگەڕێتەوە.
ژیان تاھر، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر بەھۆی تەواوبوونی ماوەی یاساییەوە مینحەی ئەو زیندانییە سیاسییانە ڕاگیراوە، کە ماوەی ١٠ ساڵە سوودمەندن لە مینحەی حکوومەت و بەگوێرەی یاسا کاتەکەیان کۆتاییی ھاتووە، بەڵام لەو پێنجھەزار زیندانییە سیاسییە زیاتر لە یەکھەزار زیندانی ھیچ مووچەیەک لە حکوومەت وەرناگرن''.
جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی دەشڵێت: "دوای ھەوڵێکی زۆر توانیومانە مینحە بۆ ئەو زیندانییانە بگەڕێنینەوە کە مووچە وەرناگرن و لیژنەیەکی باڵا بۆ پێداچوونەوە لە لیستی زیندانییان پێک ھاتووە".
ژیان تاھر ڕوونی کردەوە: "چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانین تا بڕیار لەسەر خەرجکردنی مینحەی ئەو زیندانییانە بدات و بڕیارە ھەر زیندانییەکی سیاسی بێمووچە بێت مینحەی زیندانیی سیاسیی بۆ خەرج بکرێت و سوودمەند بێت لەو مینحەیە، بەڵام ئەوانەی ماوەیان تەواو بووە و مووچەیان ھەیە نایانگرێتەوە".
قائید میرۆ




