" هۆڵەندا پشتیوانیی زیاتری هەرێمی کوردستان دەکات "

ئەمستردام - KDP.info - سەرۆکی دەزگای نێودەوڵەتیی ئێزدییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی جینۆساید لە هۆڵەندا ڕایگەیاند، هەردوو پارتی سەرەکی لە پەرلەمانی هۆڵەندا بە پرۆژەیەک پشتیوانیی زیاتریان بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
حەسۆ هورمیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بە دەنگی هەردوو پارتەکە ئەو پرۆژەیە لە پەرلەمان دەنگی هێنا و ڕەوانەی حکوومەت و وەزارەتی دەرەوەیان کرد. پرۆژەکە لەلایەن هەردوو پارتی دەسەڵاداری کریستانە یەکگرتووەکان و CDA و چەند پارتێکی تریشەوە پشتیوانیی لێ کراوە.
ئاماژەیشی دا، ئەوان داوای پشتیوانییان لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بۆ قوربانیانی دەستی داعش لە هەرێمی کوردستان و خەرجکردنی بڕێک پارە لە ئەو وەزارەتەوە کردووە.
گوتیشی: "جگە لەمەش هۆڵەندا دڵەڕاوکێی خۆی لە هەبوونی داعش دەربڕێوە بۆ ئەوەی نەهێڵن جارێکی تر سەر هەڵداتەوە و ئەم کەسانە تووشی هیچ نەهامەتیی تر نەبن".
کاروان باعەدری




