کوێستان ئەحمەد: ژمارەیەک پڕۆژە لە قەزای خەبات جێبەجێ دەکرێن

خەبات-KDP.info- لە سنووری قەزای خەبات ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن و قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە بەرز کراونەتەوە و چاوەڕێی وەرگرتنی ڕەزامەندین بۆ ئەوەی ئەوانیش بخرێنە واری جێبەجێکردنەوە.
کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری خەبات جێبەجێ دەکرێن، لەوانەش نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی سەرەکیی سەنتەری قەزای خەبات و ناحیەی کەورگۆسک لەلایەن کۆمپانیای کار و بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوەی ڕێگاوبانی ھەولێر جێبەجێ دەکرێت، ھەروەھا چەند پڕۆژەیەکی دیکە ھەن وەک ڕێگەی سەرەکیی خەبات- ھەولێر و نەخۆشخانەی گشتیی خەبات، ئەوانە پێشتر بە کۆمپانیاش دراون، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوون".
قایمقامی خەبات دەشڵێت: "چوار پڕۆژە لەنێو سەنتەری قەزای خەبات ھەن لە سەردەمی شەڕی داعش و قەیرانی داراییدا ڕاگیراون، ئێمە ھەوڵەکانمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی پارەیان بۆ خەرج بکرێت و تەواو بکرێن، چونکە ناتوانین بیاندەینە کۆمپانیای دیکە".
لەبارەی پڕۆژەکانی داھاتوو کوێستان ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە بۆ سنووری قەزای خەبات کە لە سێ ناحیە پێک ھاتووە لیستێکی پڕۆژەکانمان بەرز کردووەتەوە بۆ ئیدارەی ھەولێر و چاوەڕێی وەرگرتنی ڕەزامەندین، پڕۆژەکانیش ھەموو کەرتەکانی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرن، تەنیا بۆ نێو سەنتەری قەزا داوامان کردووە ١٠ ملیار دینار خەرج بکرێت".
قائید میرۆ




