لیژنەی شەهیدان بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییانە دەكات كە بە ناوی شەهیدانەوە بازرگانیی پێوە دەكرێت

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ ئەو زەوییانەی بە ناوی شەهیدانەوە بازرگانییان پێوە دەكرێت و ڕێكخستنى كۆبوونهوهیهك لهگهڵ وەزارەتی شەهیدان سەبارەت بەو ڕێكخراوانەی هاوكاری و كەلوپەل بەسەر خانەوادەی شەهیداندا دابەش دەكەن، ئەمڕۆ پێنجشەمە 2020/11/26، لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی، بە سەرپەرشتیی سۆسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنە و بڕیاردەر و ژمارەیەك لە ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە كۆ بووەوە.
تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ بوو لەسەر سەردانیكردنی لیژنەكە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، کە شاندێكی لیژنەكه له چهند ڕۆژی ڕابردوودا به مهبهستى بەدواداچوون بۆ ئەو ناڕەزایەتییەی سەبارەت بە دابەشكردنی كەلوپەل بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی تیرۆریستانی داعشدا ئهنجامی دابوو و لەگەڵ وەزیر و بریكاری وەزیری پێشمەرگە كۆ ببووەوە.
له كۆبوونەوەكەدا لیژنە بڕیاری دا بانگهێشتنی وەزارەتی شەهیدان بكات بۆ ئەوەی هەماهەنگیی زیاتر بكرێت و بەدواداچوون بۆ بابەتی دابەشكردنی یارمەتی بەسەر كەسوكاری شەهیداندا بكرێت، كە چیتر وەزارەتی شەهیدان ڕێگە نەدات ئەو جۆرە كەلوپەلە كۆنانە بەسەر خانەوادەی شەهیداندا دابەش بكرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا لیژنە بڕیاری ئەوەیشی دا بەفەرمی نوسراو ئاڕاستەی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكان بكات تاوەكو كۆنتڕۆڵی ئەو ڕێكخراوانە بكەن كە بە ناوی شەهیدانەوە كار دەكەن.
لە كۆتاییی كۆبوونهوهكهشدا بڕیار درا ئەو لیژنەیهی كه لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە دیاری كراوە بەدواداچوون بكات بۆ ئەو زەوییانەی كە بە ناوی شەهیدانەوە بازرگانییان پێوە دەكرێت.




