٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی جایکا گرێبەستێک ئیمزا دەکەن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی جایکای ژاپۆنی گرێبەستێک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک ئیمزا بکەن و گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانیش دەڵێ، پڕۆژەکە سوودێکی زۆری بۆ ھاووڵاتییانی ھەولێر دەبێت.

کوردۆ شابان، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە سبەی (پێنجشەممە) گرێبەستێک لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و ڕێکخراوی جایکای ژاپۆنی ئیمزا بکرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گرینگ لە شاری ھەولێر، پڕۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و بریتییە لە نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاوی ئیفراز سێ و چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر".

گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی دەڵێت: "ئەو پڕۆژەیەش لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەیە کە پێشتر لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی جایکا ھەبووە و لە چوار قۆناغ پێک ھاتووە، ئەوەی سبەی لە ھەولێر یەکێکە لەو قۆناغانە".

کوردۆ شابان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەکە سوودێکی زۆری بۆ ھاووڵاتییان و دانیشتووانی شاری ھەولێر دەبێت، چونکە چەندین ساڵە کێشەی گەیاندنی ئاو لە ھەندێ ناوچە ھەیە، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی جایکا تا ڕادەیەکی زۆر کێشەکە چارەسەر دەبێت و ژمارەیەکی بەرچاو لە گەڕەکی نێو سەنتەری شاری ھەولێر لەخۆ دەگرێت".

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار