بەیاننامەیەک لە لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان
__2020_11_25_h19m30s5__HK.jpg)
بەداخەوە لەم ساڵەدا وەکو ساڵەکانی دیکە، چەند کەیسێکی نوێی کوشتنی ئافرەتان چوونە ناو داتاکانمانەوە کە دووبارە دووپاتی کردەوە لامان کە کارکردنی پێکەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان/عیراق چەند گرنگە، پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تایبەتمەند بە کارکردن لەسەر کەیسە جیاوازەکانی ئافرەتان و لە نێوانیشیاندا کەیسەکانی توندوتیژی بە هاوکاریی دادگاکان بتوانین ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببینەوە.
بێگومان لەدوای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گۆڕانکاریی گەورە لە جیهاندا ڕووی دا، بەتایبەت لە شێوازی وەرگرتنی داتاکاندا، بۆیە دەبێت پێکەوە بیر لە ڕێگەچارەی نوێ و شێوازی نوێ بکەینەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی. هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا، چەند یاسایەکی نوێ و هەمواری گرنک بۆ یاسا بەرکارەکان لەو بڕگە و ماددانەدا کە پەیوەندیدارن بە مافەکانی ئافرەتانەوە لە هەرێمی کوردستان دەرکراون، بەڵام ئێستا هەموارێکی ورد و درشتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیمان پێویستە، تا بتوانین لە ڕووی یاساییەوە ڕێکارە نوێکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دیاری بکەین.
لەکۆتاییدا، وەک لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان ئیدانەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەکەین کە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە.
لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان
٢٥/١١/٢٠٢٠




