رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەداتەوە

هەولێر-KDP.info- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی راپۆرتێكی ئەمنستی ئینتەرناشناڵدا دەڵێ، دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم ئامادەن بۆ بەدواداچوونی ورد لە هەر تۆمەتێك كە بە بەڵگەوە ئاراستەیان بكرێت.
رۆژی 24/11/2020 رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە بە ناوی (عێراق: هەزاران راگوێزراوی عێراقی تۆمەتبار بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش، لە نێو حەلقەیەكی بەتاڵدا بە دەست پێشێلكارییەوە دەناڵێنن)، تێیدا چەند تۆمەتێكی بێ بنەما و دوور لە راستگۆیی خستۆتە پاڵ دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم رایگەیاند: "بەپێی میكانیزمی هەماهەنگیی نێوانمان بەر لە بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكەیان بە ماوەیەك رێكخراوی ناوبراو چەند پرسیار و تێبینییان پێ ڕاگەیاندبووین، ئێمەش وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دایەوە، بەڵام لە دوای بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكە رێكخراوی ناوبراو بە هیچ شێوەیەك ئاماژەیان بە وەڵامەكانی ئێمە نەكردووە".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان هەروەها گوتی: "راپۆرتەكە لە زۆر رووەوە بێ بنەما و بێ بەڵگەیە، چونكە پشتی بە گوتەی چەند كەسێكی نادیار بەستووە بێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنەكە و كاتی ئەنجامدانی پێشێلكارییەكان بكات كە بەرامبەریان ئەنجامدراوە، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بتوانن بەدواداچوونی بۆ بكەن. ئاشكراشە نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو و بەشی زۆریان هاتنیان هاوكات بوو لەگەڵ هێرشەكانی داعش و دەزگا ئیدارییەكان چەند رێوشوێنێكی ئەمنییان گرتبووە بەر بۆ رێكخستنی هاتنی ئاوارەكان و نیشتەجێكردنیان".
لە راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە كە بۆ دەستگیركردنی ئاوارەكان پشت بە زانیارییەكانی (مخبر سری) بەستراوە، لەم بارەیەوە زێباری رایگەیاند: "جاری وا هەبووە لە رۆژێكدا (٣0٠٠) كەس هاتوونەتە خاڵەكانی تەماس، هەندێك لە ئاوارەكان زانیاریی نادروستیان بە دەزگا ئەمنییەكان داوە بۆ نموونە ناوی شوێنی راستەقینەی خۆیان نەداوە یان هەندێك كەس گومانلێكراو بوون نەك داواكراو. لەم حاڵەتانەدا پشت بە زانیاری هەواڵدەری نهێنی (مخبر سری) بەستراوە وەك یەكێك لە سەرچاوەكانی زانیاری دوای ئەوەی لە زانیارییەكان دڵنیا دەبنەوە، بەڵام كەس بە پشتبەستن بە زانیاریی نادروست دەستگیر نەكراوە".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان زیاتر گوتی: "بەپێی یاسای تیرۆر، دادوەر فەرمانی دەستگیركردن بۆ گومانلێكراوان دەردەكات، بۆیە كەس بە بێ فەرمان دەستگیر نەكراوە".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم روونیشی كردەوە: "پێشتریش بە رێكخراوی ناوبراومان راگەیاندووە، كە پێویستە لە كاتی بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكانیان ورد بن و پشت بە زانیاریی دروست ببەستن، چونكە لە دوای هێرشەكانی داعش زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و لە نزیكەی (٤٠) كەمپ نیشتەجێ كران، هەروەها ئەگەر سەرپێچییەك لەلایەن فەرمانبەرێكەوە لەو رووەوە ئەنجام درابێت، ئەوا حاڵەتێكی تاكەكەسی بووە و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان ئامادەن بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ورد لە هەر كەیسێك كە ئاراستەیان بكرێت بە بەڵگە و رێوشوێنی فەرمییەوە".




