٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاگرین عەبدوڵڵا: 80%ی پڕۆژەی جووتسایدی كەلار-كفری تەواو بووە

سەرچاوە: KDP.info

گەرمیان-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی جووتسایدی كەلار – كفری خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و 80%ی كارەكانی كۆتایی هاتووە، بەرپرسانی كۆمپانیای جێبەجێكاریش دەڵێن، كارەكانی پڕۆژەكە ڕادەگرن گەر پارەیان بۆ خەرج نەكرێت، بەڵام بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە جەخت دەكاتەوە، هەموو هەوڵێك دەدەن پارە بۆ پڕۆژەكە خەرج بكرێت.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو بەڵێندەرەی پڕۆژەی جووتسایدی كەلار – كفری جێبەجێ دەكات، بە فەرمی هیچ نووسراوێكی بۆ وەزارەت نەكردووە بڵێت ئەگەر پارەی بۆ سەرف نەكرێت كاركردن لە پڕۆژەكە ڕادەگرێت، بەڵام چەند جارێك بەڵێندەرەكە داوای كردووە پارەی كاشی پێ بدرێت".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، وەزیر لەگەڵ بەڕێز سەرۆكوەزیران لە بارەی ئەو پڕۆژەیەوە قسەی كردووە، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدرێت پارە بۆ پڕۆژەكە خەرج بكرێت و كاركردن بە خێرایی تێیدا بەردەوام بێت".

ئاگرین دەشڵێ: "بەپێی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، پارە چووەتە سەر حیساب بانكی وەبەرهێنەری جێبەجێكار، تەنها ئەوەیە لە بانك پارە نەبووە ڕایبكێشێت، سەرباری ئەوەش، تەواوی هەوڵەكان بۆ ئەوەیە 50% بۆ 70% پارەكەی لەم قۆناغەدا بۆ دابین بكرێت".

ڕێگای جووتسایدی كەلار-كفری، كە پڕۆژەیەكی گرنگی ستراتیژییە بۆ گەرمیان، بودجەكەی 137 ملیار دینارە و تاكو ئێستاش 80%ی پڕۆژەكە تەواو بوو.

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار