"پڕۆژەی نۆژەنکردنی رێگای ئیبراھیم خەلیل زاخۆ کەوتە واری جێبەجێکردن"

زاخۆ-KDP.info- دەست بە پڕۆژەی نۆژەنکردن و فراوانکردنی رێگای نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیل- زاخۆ کراو سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش دەڵێ، بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی کاری تێدا دەکرێت.
ئەندازیار ئاراس جەمال، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی رێگای ئیبراھیم خەلیل بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" بەڕێوەبەرایەتی رێگاو بانی دھۆک پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای سەرەکی ئیبراھیم خەلیل-زاخۆ لە رێگەی کاڤین گروپ جێبەجێدەکات و دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگاکە کراوە و بۆ ماوەی یەک ساڵ دەخایەنێت.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە روونی کردەوە" بەھۆی گرینگی پڕۆژەکە و رێگایەکی نێودەوڵەتیە تیمەکانمان شەو و رۆژ کاری تێدا دەکەن، تا بتوانین بەرلە کاتی یاسایی خۆی کۆتایی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بێت.
ئەندازیار ئاراس جەمال راشیگەیاند" رێگاکە درێژی ٨ کیلۆمەترە و چوار مەتر لە بەرینی رێگاکە فراوان دەکرێت بەوەش رێگاکە لە ٩ مەترەوە دەبێتە ١٣ مەتر و بە ستانداردی نێودەوڵەتی کاری تێدا دەکرێت و بە پێشکەوتووترین شێواز نۆژەن دەکرێتەوە.
قائید میرۆ




