٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نادر دۆغاتی: زیاتر لە هەموو کاتێک ئێزدییەکان پێویستیان بە یەکڕیزییە

سەرچاوە: KDP.info

بەرلین -KDP.info- چاودێرێکی سیاسیی کوردانی ئێزدی پێی وایە، دوای ٢٠١٤ ئێزدییەکان کەوتوونەتە دۆخێکی ناخۆش و زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیان بە یەکڕێزی و یەکگۆتارییە.

نادر دۆغاتی، لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێستا ڕێککەوتنێک بۆ شنگال کراوە لەسەر ئاستی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە کە ئیتر ئێزدییەکان لە ئاوارەییدا نەمێننەوە و بە ئارامی بگەڕێنەوە شارەکەیان و شنگالییەکان بەخۆیان شارەکەیان بەڕێوە ببەن و پارێزگاری لە شارەکەیان بکەن."

دۆغاتی لە لایەکی ترەوە سوودی ڕێککەوتنی شنگال دەبینێت و دەڵێت: "ئەو ٢٥٠٠ کەسەی دادەمەزرێن بۆ پاراستنی شارەکە دەبێتە هۆکاری بژێوی ژیانی زیاتر لە دووهەزار خێزانی شنگال و ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە شارەکە ئاوەدان بکرێت و ببێتە ناوەندێکی وەبەرهێنان و، کۆمپانییەکان لە سەرتاسەری جیهانەوە بێن بۆ ئاوەدانکردنەوەی.''

دەشڵێت: "شنگالییەکان لەو ڕەوشە بێزار بوون و دەبێ ئەو هێزە نایاسایییانە چیتر نەبنە بارگرانی لەسەر شارەکە و حكوومەتی عێراق دەبێ هەموو ئەو هێزانە لە شارەکە دەربکات."

بۆچوونی دۆغاتی وایە کە لەگەڵ دانانی بابەشێخی نوێ، دەبێ کوردانی ئێزدی چیتر پەرت و بڵاو نەبن و، درز و دووربوونەوە نەکەوێتە نێوانیان، ئەمە لە بەرژەوەندییاندا نییە.

 

کــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار