"سێ پڕۆژەی ستراتیژیی کشتوکاڵ جێبەجێ دەکرێن"

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژە لە کەرتی کشتوکاڵ جێبەجێ بکرێن و بەرپرسێکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانیش دەڵێت، سێ لەو پڕۆژانە ستراتیژین و لە قۆناغی سەرەتاییدان بۆ دەستپێکردنیان.
موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەنێو پڕۆژەکانی وەبەرھێناندا کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لەو کەرتانەی زیاتر گرینگیی پێ دراوە و چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵ لەلایەن دەستەی گشتیی وەبەرھێنانەوە ڕاگەیاندراون''.
بەرپرسەکەی وەبەرھێنان گوتی: "سێ پڕۆژەی ستراتیژیی کشتوکاڵ لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و دھۆک و سلێمانی دەکەونە بواری جێبەجێکردن و لەو پڕۆژانەن کە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ستراتیژی و پێویستن بۆ کەرتی کشتوکاڵ''.
موخلیس سەلیم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "چەندین کۆمپانیا و وەبەرھێنەری بیانیش ئامادەن بۆ کارکردن لە کەرتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان و بڕیارە ئەو سێ پڕۆژە ستراتیژییە بکەونە واری جێبەجێکردن و لە قۆناغی سەرەتاییدان بۆ جێبەجێکردنیان، کە دوای تەواوبوونیان سوودی زۆریان بۆ کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستان دەبێت."
قائید میرۆ




