٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"سەرۆکی حکوومەت خۆی چاودێریی پڕۆژەکان دەکات"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، لەمەودوا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی چاودێریی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکات کە لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێ دەدرێت و ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەوەی بە باشی جێبەجێ بکرێن.

شوان کەریم زرار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد و ئەندامی لیژنەی وەبەرھێنان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەوەی خۆی ئاگاداری هەمووی ئەو مۆڵەتانە بێت کە بە پرۆژەکان دەدرێن، ھەنگاوێکی گرنگە و، سەرۆکی حکوومەت خۆی ئاگاداری ھەر پڕۆژەیەک دەبێت کە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.''

شوان کەریم زرار گوتیشی: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  مەبەستی لەو بڕیارە ئەوەیە گرنگی بە سەرجەم پڕۆژەکان بدات کە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن، بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی درێژخایەنن و بە شێوەی قیستن و نرخیان ئەرزانە بۆ خەڵکی ھەژار."

ئەوەیشی خستە ڕوو: ''جگە لەوەش، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو مۆڵەتدانێک بە پڕۆژە گرانبەھاکان ڕاگیراوە، چونکە ئێستا گرنگی بەو پڕۆژانە دەدرێت کە ئەرزانن و بەقیستی درێژخایەنن."

زرار ڕایشیگەیاند: "دەستەیەک بۆ مۆڵەتدان بە پڕۆژەکان پێک ھێندراوە، سەرۆکی حکوومەت سەرۆکی دەستەکەیە و جێگرەکەیشی جێگری سەرۆکی حکوومەتە و چەند وەزارەتێکیش ئەندامی ئەو دەستەیەن کە ئەو دەستەیە بڕیار لەسەر پڕۆژەکان دەدات، چونکە پێشتر مۆڵەت بە چەندین پڕۆژە دراوە کە گرانبەھا بوون و ھیچ سوودیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبوو، بەڵام ئێستا ئاسانکاری بۆ ئەو پڕۆژانە دەکرێت کە بۆ چینی ھەژار و کەمدرامەتن."

بڕیاری نوێی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە پێویستە بۆ مۆڵەتدان بە ھەر پڕۆژەیەک خۆی ئاگادار بێت.

بڵند ئیبراھیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار