٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسروور بارزانی: كۆچكردنی د. فرسەت، زیانێكی گەورەیە بۆ حكوومەتی هەرێم

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بۆ كۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر، رایدەگەیەنێت، كۆچكردنی د. فرسەت سۆفی، زیانێكی گەورەیە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:

بە خەم و پەژارەیەكی قووڵەوە هەواڵی كۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر (د. فرسەت سۆفی)مان پێگەیشت. كاك د. فرسەت كەسێكی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو. هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتكردنی نیشتمان و خەڵكیدا بە سەربرد و لە هەموو پۆست و بەرپرسیارەتییەكانیدا، لە قۆناغی پەرلەمانتاری و دواتریش، داكۆكیكارێكی دیاری پرۆسەی چاكسازیی بوو. بە تایبەتی وەك پارێزگاری هەولێر، ئەركەكانی بە دڵسۆزی و لەخۆبوردوویی بەجێ دەگەیاند و خۆم لە نزیكەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و كارامەیی ئەو بووم لە خزمەتكردنی خەڵكی هەولێر و هەرێمی كوردستان بە گشتی، بۆیە كۆچكردنەكەی زۆر خەمگینی كردم و زیانێكی گەورەشە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

بەم بۆنە خەمناكەوە، ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیەنین و پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەكەی و خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی پارێزگای هەولێر دەكەم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بكات و سەبووری و ئارامیش بە هەموو لایەكمان ببەخشێت.

یاد و هەڵوێستەكانی كاك د. فرسەت سۆفی، هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.

 

مەسروور بارزانی

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

2020/11/18

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار