نێچیرڤان بارزانی: بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا د. فرسەت زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، لە پەیامێكدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر و خەڵكی هەولێر و كوردستان دەكات و دەڵێت، د. فرسەت كەسێكی كارزان و دڵسۆز بوو.
ئەمەش دەقی پەیامی هاوخەمیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە:
بە بۆنەی كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێرەوە، لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیەنین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و كوردستان دەكەم.
د. فرسەت سۆفی هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە ڕۆڵێكی گرنگی لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا ڕۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هەبوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری.
دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات.
خوای مەزن گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت. كار و دڵسۆزیی د. فرسەت سۆفی، هەمیشە لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
18/11/2020




