پەكەكە رێگە نادات ژمارەیەك گوندی ناحیەی ئەترۆش ئاوەدان بكرێنەوە

شێخان-KDP.info- ژمارەیەك گوندی سنووری ناحیەی ئەترۆشی سەر بە قەزای شێخان، بە ھۆی ھەبوونی چەكدارانی پەكەكەوە ئاوەدان نەكراونەتەوە، قایمقامی شێخانیش دەڵێ، حكوومەت ئامادەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەیان، ئەگەر پەكەكە مەترسی نەبێت.
سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە سنووری ناحیەی ئەترۆشی سەر بە قەزای شێخان، ١٠ گوند بە ھۆی ھەبوونی چەكدارانی پەكەكە لەو سنوورە ئاوەدان نەبوونەتەوە و چەكدارانی پەكەكە سەرچاوەی كێشەن بۆ خەڵكی ناوچەكە و رێگرن لە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی سنوورەكە.
قایمقامی قەزای شێخان دەڵێت، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەمیشە لە ھەوڵدا بووە گوندەكان ئاوەدان بكرێنەوە و خەڵكی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكرێت، بەڵام بەداخەوە پەكەكە ھۆكارە بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو گوندانە لە ئاوارەییدا بژین.
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە وەك حكوومەت دانیشتووانی ئەو گوندانەی بە ھۆی پەكەكەوە ئاوەدانییان بۆ نەچووە، توانیومانە بە قۆناغ قەرەبوویان بكەینەوە و زۆربەیان لە سەنتەری قەزای شێخان زەوییان بۆ دابین كراوە و نیشتەجێن، بەڵام خەڵكی ناوچەكە خۆی دەیەوێ بگەڕێتەوە و لەسەر زەویی خۆیان دیسان دەست بە كاری كشتوكاڵی بكەنەوە".
قائید میرۆ




