"پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گەشتیاری لە سەرسنگ جێبەجێ دەکرێت"

دهوک-KDP.info- بڕیارە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گەشتیاری لە ناحیەی سەرسنگی قەزای ئامێدی جێبەجێ بکرێت و بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، پڕۆژەکە چووەتە واری جێبەجێکردن و یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و سرنجڕاکێشەکانی گەشتیاری لە دھۆک.
نەشوان حسنی، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرسنگ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لە ناحیەی سەرسەنگ جێبەجێ دەکرێت، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی گەشتیاری لە ناوچەکە و لە ڕێگەی تەلەفریکەوە ناحیەی سەرسەنگ بە چیای گارەوە دەبەستێتەوە لە ھەرچوار وەرزیش کار دەکات بۆ خزمەتی گەشتیاران."
بەڕێوەبەری شارەدێی سەرسنگ دەشڵێت: "پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت ئەنجام دەرێت و دوای وەرگرتنی مۆڵەت ئێستا کاری تێدا دەکرێت و دوای تەواوبوونی کەرتی گەشتیاری پێشڤەچوونێکی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت، نەخاسمە لە شوێنێکی وەک ناحیەی سەرسنگ کە شوێنێکی گەشتیارییە."
حسنی جەختی کردەوە: "پڕۆژەکە لە کۆمەڵێک ھۆتێل و مۆتێل و خواردنگە و تەلەفریک و خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان پێک ھاتووە، بەتایبەتی بۆ وەرزی زستان بەفرێکی زۆر لە چیای مەتین دەبارێت و گەشتیاران دەتوانن بە ئاسانی بگەنە شوێنی مەبەست بۆ گەشتکردن."
قائید میرۆ




