ژمارەیەکی دیکەی قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ژمارەیەک دەرچووی دیکەی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگیرێن، ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەش دەڵێ، سبەی پەرلەمان و وەزارەتی پەروەردە کۆدەبنەوە.
گوڵستان باقی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ئەمساڵ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 56 هەزار قوتابیی دەرچووی 12ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیراون، بەڵام هێشتا زیاتر لە حەوت هەزار دەرچوو وەرنەگیراون و ژمارەیەک لە قوتابییە وەرنەگیراوەکان نمرەی زۆر بەرزیان هەیە، هەتا قوتابی هەیە کۆنمرەی 90ی بەدەست هێناوە و لە هیچ شوێنێک وەرنەگراوە.
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتیشی، بڕیارە سبەی دووشەممە لیژنەی پەروەردە و بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆببنەوە لەسەر شێوازی وەرگرتنی قوتابیان و بڕیارە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
گوڵستان روونی کردەوە، کێشەی سەرەکیی وەرگرتنی قوتابیان سیستەمی پاڕالێلە، چونکە ڕێژەیەکی زۆر قوتابی بە سیستەمی پاڕالێل و بە پارە وەرگیراون، کە ئەمە جێگەی دڵگرانیی ئێمە و قوتابیانیشە، چونکە رۆژانە قوتابی پەیوەندیمان پێوە دەکەن لەسەر سیستەمی پاڕالێل.
قائید میرۆ




