عەرەبی ھاوردە لە سنووری دوبز خانوو لەسەر زەویی کورد دروست دەکەن

دوبز-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبز رایگەیاند، عەرەبی ھاوردە لە سنووری قەزای دوبز بە ھاوکاریی ھێزە ئەمنییەکان و پاڵپشتیی پارێزگاری کەرکووک، ھاتوون زەویی کوردیان داگیر کردووە و گوندی نوێی لەسەر دروست دەکەن.
لوقمان حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، عەرەبێکی زۆری ھاوردە ھاتوون بۆ سنووری ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دوبز و ئیدارەی کەرکووکیش بە ھاوکاری ھێزە ئەمنییەکان ٥٠٠ دۆنم زەوییان لە کورد وەرگرتووەتەوە و ئێستا کەلوپەلی بیناسازییان ھێناوە و خانوو دروست دەکەن و دەیانەوێت گوندی نوێ لە ناوچەکە دروست بکەن، بۆ ئەوەی بیکەنە سەر ناوی خۆیان و ئیدی زەوییەکان موڵکی کورد نەمێنن.
حوسێن گوتیشی، ئێستا لە سنووری گوندی عەمشە خانوو دروست دەکرێن، بۆیە کوردیش چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و سکاڵایان تۆمار کردووە، بەڵام سکاڵاکەیان ھیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە ئیدارەی کەرکووک و ھێزە ئەمنییەکان پشتگیری لە عەرەبی ھاوردە دەکەن.
ناوبراو دەشڵێ، پارێزگاری کەرکووک خۆی پاڵپشتییان دەکات و ھاوردەیان دەکات، بۆ ئەوەی عەرەب لە ناوچەکەدا بێتە زۆرینە.
بڵند ئیبراھیم




