٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەم ھەفتەیەدا ٤٩ هەزار خێزان ھاوكاریی ماددی دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی ھەولێر رایدەگەیەنێت، بە بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەم ھەفتەیە ھاوكاری بەسەر ٤٩ هەزار خێزانی ھەژار و كەمدەرامەت لە شاری ھەولێر دابەش دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەكارییەك كراوە.

یوسف چاوشین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بە بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھاوكاریی ماددی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەسەر خێزانی ھەژار و كەمدەرامەتدا دابەش دەكرێت و ئێستاش ھەموو رێكارەكان تەواو بوونە و لیستەكانیش ئامادە كراون و رەوانەی بانكەكانیش كراون بۆ دابەشكردنی ئەو ھاوكارییە.

بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی ھەولێر گوتیشی، ئەوانەی ھاوكاریی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەردەگرن، ژمارەیان ٤٩ هەزار كەسە و ئاگاداریان دەكەینەوە و ئەم ھەفتەیەش ھاوكاریی ماددییان بەسەردا دابەش دەكەین.

چاوشین ڕوونیشی كردەوە، ھەر خێزانێك كە ھاوكاریی دارایی دەكرێت، بڕی ١٠٠ هەزار دیناری پێ دەدرێت.

ناوبراو دەشڵێ، لە ھەموو ھەرێمی كوردستان ١٤٠ هەزار كەس لەو ھاوكارییەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سوودمەند دەبن.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار