د. خالس: ئەم حەفتەیە ڕێنماییی دامەزراندن دەردەچێت

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی ٥٠٠ کەس بۆ وەزارەتی تەندروستی دەرکرد، بەرپرسێکی وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، ئەم حەفتەیە ڕێنمایی بۆ دامەزراندن دەردەچێت.
د. خالس قادر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە فەرمانی دامەزراندن بۆ ٥٠٠ کەس دەرچووە، ئەوانیش ھەموویان پەرستاری زانکۆ و یاریدەدەری پزیشکین، ئەو ٥٠٠ کەسە لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی دادەمەزرێن."
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت: "ئەم حەفتەیە ڕێنمایی لەبارەی دامەزراندنی ئەو ٥٠٠ کەسە دەردەچێت و بەگوێرەی ڕێنماییەکان، دەرچوویانی ئەو دوو بەشە دەتوانن فۆڕمی دامەزراندن پڕ بکەنەوە."
د. خالس قادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەو ٥٠٠ کەسەی دادەمەزرێن کاریگەرییان لەسەر کەرتی تەندروستی دەبێت، چونکە وەزارەتی تەندروستی پێویستی بە کادری تەندروستی و پزیشک ھەیە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان."
قائید میرۆ




