٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نزار مەلا غەفار: پاسەوانی بەرپرسان رێك دەخرێنەوە و دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- یەكێك لەو بوارانەی یاسای چاكسازی دەیگرێتەوە، پاسەوانی بەرپرسان و فەرمانگەكانی حكوومەت و بارەگای لایەنە سیاسییەكانە، ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆش دەڵێ، لەمەودوا ھەموو پاسەوانەكان دەخرێنە سەر میلاكی وەزارەتی ناوخۆ و بە یاسا ئەركیان پێ دەسپێردرێت.

نزار غەفار، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، ھەموو پاسەوانەكان لە ھەرێمی كوردستان رێك دەخرێن و دەخرێنە سەر میلاكی وەزارەتی ناوخۆ، كە لە یەكەیەكی تایبەتدا كۆدەكرێنەوە، واتە پاسەوانەكان لەسەر ھەموو یەكەكانی پێشتر نامێنن، كە ئەو دەزگایانەی پێشتر سێ لایەن بوون و تەنیا وەزارەتی ناوخۆ ئەركی بەڕێوەبردنیان دەگرێتە ئەستۆ.

ئەندامەكەی لیژنەی ناوخۆ گوتیشی، بەپێی یاسای چاكسازی،  پێداچوونەوە بە ھەموو پاسەوانەكانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت و ئەوانەیشی زیادەن دووبارە بەسەر ئەو شوێنانە دابەش دەكرێن كە پێویستیان بە پاسەوان ھەیە، وەك دەزگا حكوومی و لایەنە سیاسییەكان.

مەلا غەفار روونیشی كردەوە، ھەنگاوی باش نراوە بۆ رێكخستنەوەی پاسەوانەكان و گەشبینین لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەوانیش رێك دەخرێن و ھەر كەس و لایەنێكیش پێویستی بە پاسەوان نەبێت، ئەوا بێگومان ھیچ پاسەوانێكی بۆ تەرخان ناكرێت، لەمەودوا تەنیا بە یاسا پاسەوان دابەش دەكرێن.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار