٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وردەكاریی ھێرشی داعش بۆ سەر كەركووك و خانەقین

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- داعش لە سنووری كەركووك و خانەقین ھێرش دەكات و هێزە ئەمنییەكانیش بە ھۆی بێتواناییەوە ناتوانن ڕووبەروویان ببنەوە، كە بەو ھۆیەوە كوژراو و برینداری لێ دەكەوێتەوە. بەرپرسێكی پارتیش دەڵێ، داعش بە جۆرێك بەھێز بووە، ھەر كاتێك بیەوێت لە ھەر شوێنێك، ھێرش دەكات و گورزی خۆی دەوەشێنێت.

عامر رەفعەت، بەرپرسی پەیوەندییەكانی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، تیرۆریستانی داعش لە سنووری جەلەولا سەرەتا بە بیكەیسی تەقەیان لە بازگەیەكی ھێزی ئەمنی كردووە، كە بە بازگەی نەقشەبەندی ناسراوە و دەكەوێتە نێوان كەلار و جەلەولا، دواتر ھێرشیان كردووە و بەو هۆیەوە پۆلیسێك كوژراوە و دوو پۆلیسیش بریندار بوونە.

رەفعەت گوتیشی، ئەمنیەتی ناوچەكە رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپی دەچێت، چونكە ھێزی عێراقی لەوێیە و ناتوانێ دۆخی ئەمنی بپارزێت و داعش بە ئارەزووی خۆی ھاتوچۆ دەكات، ھەر كاتێكیش بیەوێت ھێرش دەكات، چونكە ھێزی عێراقی بێتوانان.

ناوبراو دەشڵێ، لە سنووری خانەقین نزیكەی ١٠٠دۆنم زەوی ھیچ ھێزێكی لێ نیە و بۆشایی ئەمنییە، بۆیە داعشیش ئەمەی بە دەرفەت زانیوە و لەو رێگەیەوە خۆیان بەھێز دەكەن و ھێرش ئەنجام دەدەن.

لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەكی ئەمنی لە كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، داعش ھێرشیان كردووەتە سەر ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی لە گوندی عەلێوەی سەعد لە ناحیەی ریازی سەر بە حەویجە، كە دواتر ھێزێكی پۆلیسی فیدراڵی چووەتە ھاواریان، بەوھۆیەشەوە دوو پۆلییس بە ناوی عەباس سوڵتان مەحموود و عیسام محەمەد ئەحمەد كوژراون و چوار پۆلیسیش بە ناوەكانی عەبدولجەبار كازم حامد و فارس خالد و سەرمەد رەحیم و مستەفا سعود محەمەد، بریندار بوونە.

سەرچاوەكە روونیشی كردەوە، ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە داعش زۆر بەھێز بووە و ھێزە عێراقییەكانیش ناتوانن ناوچە كوردستانییەكان بپارێزن.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار