٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامێک لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

مایەی نیگەرانی و توڕەییمانە کە جارێکی دیکە لە پەرلەمانی عێراق و لە هاوپەیمانییەکی نامۆڕاڵی و نانیشتمانیدا نەیار و هاودژەکانی نێو ماڵە پەرتەوازەکە یەکیانگرت و پیلانێکی دیکەی شۆڤێنییان دژ بە گەلی کوردستان جێبەجێکرد.

ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ئەم عەقڵیەتە کورد بە هاوبەش و هاوتا نازانێت لە عێراقدا و بڕوای بە سادەترین بنەماکانی پێکەوە ژیان و سازان نییە.

بەڕێکردنی پرۆژە یاساکان بە زۆرینەی پەرلەمانی دژ بە ماف و جیاوکەکانی هاوڵاتیانی گەلی کوردستان ئەڵقەیەکی ترە لەو زنجیرە تاوانکارییەی نێو فەزای ستەمگەر و توندوتیژی ئەو پەرلەمانەی کە ئەکتەرەکانی لە هیچ شتێکدا کۆک نین، لە دژایەتیکردنی گەلی کوردستان نەبێت، ئەمەش مایەی سەرسوڕمان نییە، چونکە هیچمان لەو دەزگا تژییە لە فاكتەرەكانی توندڕەوی و جیاكاری و، بەتاڵ لە ئەگەرەكانی هاوبەشی و سازان، نەبینیوە، جگە لە نکۆڵیکردن و بێ مافی نەبێ.

لە کاتێکدا بە توندی ئیدانەی ئەم هەوڵە ڕەگەزپەرستی و دوژمنکارییە دەکەین، لە هەمانکات دەستخۆشی لە هەڵوێستی نوێنەرانی کورد لە سەرۆکایەتی و ئەندامانی سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان دەکەین بۆ یەکگرتوویی و یەکدەنگی و داکۆکییان لە مافەکانی هاوڵاتیانی کوردستان تا دواسات و هیوادارین ئەم یەکدەنگییە بەردەوامی و پێداگری بەدوادا بێت.

بەناوی سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان پشتیوانی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی و ھەڵوێستی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکەین و داواکارین هەرێمی کوردستان بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو و ڕێکاری یاسایی و دەستوری وەڵامی ئەو پیلانە بداتەوە و پیشانی شۆڤینییەکانی ناو پەرلەمانی عێراقی بدات، کە بە درێژایی مێژوو هیچ کەس و گروپێک لە دژایەتیکردنی گەلی کوردستان سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانیوە مل بە ئەم گەلە پڕ ئیرادە کەچ بکەن. 

هاوکات داواکارین هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ڕێکاری مەدەنی دژ بەو بڕیارە بوەستنەوە و دەنگی ناڕازیبوون و ئیدانەکردن بەرز بکەنەوە و لەم پرسەدا هەموو گەلی کوردستان و پارتە سیاسییەکان خاوەن یەک گوتاری یەکگرتووی کوردستانیانە بن.

 

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

٢٠٢٠/١١/١٢

 

هەواڵی پەیوەندیدار