٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

راگەیانراوێک لەسەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەنیگەرانییەکی قووڵەوە لەدواین ھەنگاوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕوانین، کە بەبێ رەچاوکردنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ھاوبەشی و بنەماکانی سیستمی فیدراڵی کە لەدەستووری عێراقدا چەسپێنراون، لەسەر بنەمای زۆرینەو بێ ڕەچاوکردنی مافی خەڵکی کوردستان، بەرەبەیانیی ١٢ی ١١ی ٢٠٢٠، یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی داراییی پەسەند کرد.

ئەم ھەنگاوە، پێشێلکردنی گیانی پێکەوەژیان و ھاوبەشییەو پێچەوانەی هێڵەگشتییەکانی رێککەوتنەکانی پێشووترە، هاوکات وەستانەوەیە دژ بەھەر جۆرە لێکنزیکبوونەوەیەک بۆ چارەسەری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەماکانی دەستوور.

بۆیە وێڕای سوپاس و دەستخۆشیی زۆری خۆمان بۆ تەواوی فراکسێۆنە کوردستانییەکان و سەرجەم نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان کە یەکھەڵوێست و ھاوڕِابوون بۆ رەتکردنەوەی بەشداربوون لەدانیشتنی دەنگدان، رایدەگەیەنین کە بەھەماھەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ھەرێمی کوردستان لەدامەزراوە فیدراڵییەکانی عێراق و دوای پرس و راوێژی فراکسێۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و ھەموو رەھەندەکانی ئەم پێشھاتە لێکدەدرێنەوەو ھەڵوێست و بڕیاری یەکگرتووانە دەگیرێتە بەر، چونکە ئەم بابەتە پەیوەندیی بەژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانەوە هەیەو ئەرک و بەرپرسیارێتیی هاوبەش دەخاتە ئەستۆمان.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان

١٢ی ١١ی ٢٠٢٠

هەواڵی پەیوەندیدار