نایف سەیدۆ: پەكەكە لە شنگال منداڵان دەڕفێنێت

شنگال-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی سنوون لە قەزای شنگال رایگەیاند، پەكەكە تەعەدایەكی زۆر لە خەڵكی شنگال دەكات و منداڵی خوار تەمەن ١٨ساڵ دەڕفێنێت، كە تا ئێستا چەندین منداڵی رفاندووە و كەسوكاریشیان ھاتوون سكاڵا دەكەن و داوا دەكەن منداڵەكانیان بۆ بگەڕێننەوە، بۆیە پێویستە بە زووترین كات پەكەكە لە شنگال دەربكرێت، چونكە خەڵكی شنگال دژی مانەوەی پەكەكەن.
نایف سەیدۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە سنووری قەزای شنگال تا ئێستا نزیكەی ١٥ھەزار خێزان گەڕاونەتەوە بە ئومێدی ئەوەی كە رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێت و ھێزی پەكەكە و میلیشیا لە شنگال دەربكرێن، بەڵام ھێشتا پەكەكە لە شنگال ماوە و تەعەدا لە كوردانی ئێزدی دەكات و خەڵكی شنگالیش دژی ھەبوونی پەكەكەن لە شنگال.
سەیدۆ گوتیشی: "پەكەكە دەستی داوەتە رفاندنی منداڵی خوار تەمەن ١٨ساڵیی كوردانی ئێزدی و تا ئێستا چەندین منداڵی رفاندووە و كەسوكاریان ھاتوونە لای ئێمە و داوای ئازادكردنی منداڵەكانیان دەكەن، بۆیە پەكەكە بووەتە كێشەیەكی گەورە و ئەگەر بە زوویی دەرنەكرێن، كێشەی گەورەتر بۆ شنگال دروست دەكەن".
دەشڵێ، پێویستە بە زوویی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا لەبارەی شنگال كراوە، جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی ئارامی بۆ شنگال بگەڕێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




