بە گوژمەی ١٢٧ ملیار دینار پڕۆژەی کارەبا لە ھەولێر جێبەجێ دەکرێت

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری کارەبای ھەولێر گوتی، ٢٠ پڕۆژەی کارەبا لە ھەولێر لە بواری جێبەجێکردن و تەواوبووندان و پێنج پڕۆژەش لەم ڕۆژانەدا گرێبەستیان بۆ دەکرێت کە بۆ سەرجەم پڕۆژەکان ١٢٧ ملیار دینار تەرخان کراوە.
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە سنووری پارێزای ھەولێر ٢٠ پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان و لەوانە سێ پڕۆژە تەواو بوون و ئەوانەی دیکەش بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت. پڕۆژەکان تێکەڵن، لەوانە وێستگەی موبایل و وێستگەی جێگیر و ڕاکێشانی ھێڵی کارەبا و ھێڵی ٣٣ کەیڤی و ١٣٢ کەیڤیی."
حوسێن حەمەد گوتیشی: "پێنج پڕۆژەش لە پرۆسەی تەندەریدان و تەواو بوون و لەم ڕۆژانەدا گرێبەستیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی ئەوانیش بکرێت کە ڕاکێشانی ھێڵی ١١ کەیڤین.''
حەمەد باسی لەوەش کرد: "گوژمەی گشتیی ئەو پڕۆژانەی ئێستا جێبەجێ دەکرێن بڕی ١٢٧ ملیار دینارە."
بڵند ئیبراھیم




