"کۆمپانیاکانی یۆنان دێنە ھەرێمی کوردستان"

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، کۆمپانیاکانی یۆنان دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان لە چەندین بواری جیاجیادا کاری ئاوەدانکردنەوە بکەن و ئێمەش ھەموو ھاوکارییەکیان دەکەین بۆ ئەوەی کاری خۆیان بەڕێوە ببەن.
مەریوان مەلا حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بڕیارە کۆمپانیای یۆنانی بێنە ھەرێمی کوردستان و بەجددی ھاتوونەتە سەرخەت بۆ ئەوەی کاری ئاوەدانکردنەوە لە بواری جیاجیادا بکەن وەکو ھێڵی شەمەندەفەر و ڕێگاوبان و ڕێگای خێرا و دەیانەوێت سەرمایەکانی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان بەگەڕ بخەن."
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: ''نوێنەری کۆمپانیاکانی یۆنان سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیان کرد و داوامان کرد کار بۆ ڕێگاوبان و دروستکردنی پرد و تونێل و ھێڵی ئاسنین (شەمەندەفەر) و، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونیش بکەن. نوێنەری کۆمپانیاکانی یۆنان ئامادەییی نیشان دا بۆ ئەوەی کە ئێستا کۆمپانیاکانی ئەوان ئامادەن بێنە ھەرێمی کوردستان و لە بواری ئاوەدانکردنەوە سەرمایەکانی خۆیان بخەنە گەڕ و ئێمەش ئامادەییی ھەموو ھاوکارییەکمان بۆ دەربڕین.''
گوتیشی: ''پێشتری ھاتبوون، بەڵام ئەم جارە جیاوازە و بەجددی ھاتوون بۆ ئەوەی کاری ئاوەدانکردنەوە لە ھەرێمی کوردستان بکەن.''
بڵند ئیبراھیم




