په‌رله‌مان و حکوومەت دۆخی شنگال و ناوچه كوردستانییه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ن

هەولێر-KDP.info- بە مەبه‌ستی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکكەوتنی شنگال و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم بە شێوه‌یه‌كی گشتی و ھەماھەنگیی نێوان حکوومەت و پەرلەمان لەسەر ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى ئەو ناوچانە، ئەمڕۆ دووشەممه 2020/11/9، لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم، بە سەرپەرشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه، له هۆڵی لیژنه له ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆ و خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغدا و دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن و سەرۆکی گشتیی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەره‌وەی ئیداره‌ى ھەرێم كۆ بووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ لەسەر ڕێکكەوتنی شنگال و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم بەگشتی و ھەماھەنگیى نێوان حکوومەت و پەرلەمان لەسەر ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی ئەو ناوچانە کرا، لیژنەكه‌ی په‌رله‌مان داوای لە شاندی میوان کرد ھەوڵەکانیان چڕ بكه‌نه‌وه بۆ دروسکردنی ڕێکكەوتنی زیاتر لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک، دوای گفتوگۆیەکی چڕ‌وپڕ و ئاڵوگۆڕکردنی ڕا و زانیاری لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە، ھەردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كە پێویسته یەكڕیزیی ناوخۆیی ھەبێت بۆ ئەو داواكارییانەی كە تایبەتن بە ماددەی 140 و ھەموو ھەوڵه‌كان چڕ بكرێنه‌وه بۆ دروستكردنه‌وه‌ى لیژنەی تایبەت بەو مادده‌یه، بۆ ئەوەی دەستبەكار بێت و بەپێی دەستوور ئەو ماددە و بڕگانەی دانی پێدا نراوە جێبەجێ بكرێن.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەو ھەنگاوانە ده‌ربڕی كه حکوومەت ناویەتی سەبارەت بە ڕێككەوتنی ھەولێر و بەغدا لەبارەی شنگال و ھەوڵەكانیان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكە و جه‌خت له‌وه‌ش كرایه‌وه كه پێویسته ھەوڵەکان چڕتر بکرێنه‌وه بۆ ئەوەى بە زووترین کات ڕێككه‌وتنی شنگال بکەوێتە بواری جێبەجێکردنه‌وه.
لە کوتاییی دیداره‌كه‌دا لیژنەكه‌ی په‌رله‌مان سوپاسی شاندی حکوومەتى کرد بۆ ھەوڵەکانیان به مه‌به‌ستی چارەسەركردنی کیشەی ئەو ناوچانه، هه‌روه‌ها کۆمەڵێک داواکاریی خەڵکی ئەو ناوچانەش کە ئاراستەی لیژنەكه کرابوون گه‌یانده شاندی حکوومەت.




