نەخۆشخانەیەكی نوێ لە شێخان دروست دەكرێت

شێخان-KDP.info- بڕیارە لە قەزای شێخان پڕۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی نوێ بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، قایمقامی قەزاكەش دەڵێ، نەخۆشخانەكە بە شێوازێكی سەردەمیانە و لە ماوەی دوو مانگدا جێبەجێ دەكرێت.
سەردار یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "نەخۆشخانەیەكی سەردەمیانە لە نزیك نەخۆشخانەی گشتیی شێخان دروست دەكرێت و بڕیارە لە ماوەی دوو مانگدا پڕۆژەكە كۆتایی بێت و دواتر ئامێر و پێداویستیی پزیشكیی بۆ دابین بكرێت، تا بتوانین زیاتر خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەش بە ھاووڵاتیانی سنووری قەزای شێخان بكەین".
قایمقامی شێخان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پارەی پێویست بۆ پڕۆژەی نەخۆشخانەی نوێی شێخان دابین كراوە لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە ئەویش بە ھاوكاریی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق وەك مافێكی سەرەتایی خەڵكی سنووری شێخان.
یەحیا روونیشی كردەوە، دوای تەواوبوونی نەخۆشخانەی نوێی شێخان، دانیشتووانی سەنتەری قەزای شێخان و دەوروبەری سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەكانی نەخۆشخانە و ستاف و ھەموو پێداویستییەكیشی بۆ ئامادە دەكرێت.
قائید میرۆ




