ئاکرەیی: لە دوێنێوە ھاتوچۆ لە نێوان ھەرێم و ئێران ئاسایی بووەتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و ئێران ڕایگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، لە دوێنێوە ھاتوچۆ لە نێوان ھەرێم و ئێران ئاسایی بووەتەوە و، ھەر کەسێک بیەوێت گەشت بۆ ئێران بکات یان بە پێچەوانەوە، دەتوانێ بێ ھیچ بەڵگەیەک هاتوچۆ بکات، تەنھا پشکنینی بۆ دەکرێت.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە کە ھاتوچۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران لە ژێر رێنمایی تەندروستی ئاسایی بکرێتەوە و لە دوێنێشەوە خەڵک لە نێوان ھەرێم و ئێران ھاتوچۆ دەکات، کە ئەوەی لە ئێرانەوە بێت یاخود لە ھەرێمەوە بچێتە ئێران، پشکنینی بۆ دەکرێت و دەتوانێ گەشتی خۆی بکات، بێ ئەوەی ھیچ مۆڵەت یاخود بەڵگەیەکی پێویست بێت، بۆیە لە دوێنێوە خەڵک ھاتوچۆ دەکات.
ئاکرەیی باسی لەوەش کرد، جموجۆڵی بازرگانی بەردەوامە و رۆژانە لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان ھەرێم و ئێران ٢ھەزار بارھەڵگری کەلوپەل ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن و لە ئێستاشدا جموجۆڵی بازرگانی زۆر باشە و ھیچ کێشەیەکی نییە.
بڵند ئیبراھیم




