ئەیاد حەسەن: لە سەردەمی بایدن گۆڕانکارییە ئابوورییەکان لە بەرژەوەندی ھەرێم دەبن

دهۆک-KDP.info- دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو جۆ بایدن وەک ٤٦مین سەرۆکی ئەمەریکا ھەڵبژێردرا بازرگانان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، سەردەمی بایدن گۆڕانکاری لە ئابووری جیھان ڕوو دەدات و سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆکیش پێی وایە، گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان دەبن.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چاوەڕێی گۆڕانکاری دەکرێت لە سیاسەتی ئابووری دەرەوەی ئەمەریکا، چونکە ترامپ چەندین مەرجی لەسەر بازرگانیی ئەورووپا و چین دانابوو، پێم وایە حکوومەتی نوێی ئەمەریکا لە بەرژەوەندیی وڵاتی خۆیان بڕیار لەسەر ئەو مەرجانەی پێشتر دەدەن، ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئابووری پێگەیەکی گرینگن، چونکە ئەمەریکا نەوت لە عێراق دەکرێت و نیوەی نەوتی ئەمەریکا لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت."
ئەو بەرپرسەی بازرگانی و پیشەسازی گوتی: "ھەرێمی کوردستان لە ڕووی وزە و سامانی سرووشتییەوە دەوڵەمەندە، چەندین کۆمپانیای ئەمەریکی لە ھەرێمی کوردستان کار لە کەرتی نەوتدا دەکەن، سیاسەتی ئەمەریکا لە سەردەمی بایدن بڕیار لەسەر گۆڕانکارییەکان دەدات و من گەشبینم گۆڕانکاریی ئەرێنی ڕوو دەدات، بەتایبەتی کە عێراق و ھەرێمی کوردستان زۆربەی داھاتیان لەسەر کەرتی نەوتە."
فەتحی محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیای ئەمەریکی لە ھەرێمی کوردستان ھەن و پێشتر بەھۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی گەڕابوونەوە وڵاتی خۆیان، بەڵام ماوەیەکە دەستبەکار بوونە و پشکی زۆری ئەو کۆمپانیا ئەمەریکیانەش لە کەرتی نەوت و بازرگانیدا کار دەکەن."
قائید میرۆ




