محەمەد تانریڤێردی: پێویستە ھەرێمی کوردستان وەک ڕووناکیی چاومان بپارێزین

ئەڵمانیا-KDP.info- فیدڕاسیۆنی جڤاکی کورد لە ئەڵمانیا داوا دەکات ھەموو کورد پارێزگاری لە ھەرێمی کوردستان بکەن و جێگری سەرۆکی فیدڕاسیۆنەکەش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بووەتە پەناگە بۆ کوردانی ھەرچوار پارچەی کوردستان.
محەمەد تانریڤێردی، جێگری سەرۆکی جڤاکی کورد لە ئەڵمانیا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێرشکردنە سەر ھێزی پێشمەرگە و شەھید و بریندارکردنی پێشمەرگە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە شەرمەزار دەکەین و پێمان وایە شەڕکردن لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان تەنیا خزمەت بە دوژمنان دەکات و کوشتنی کورد بە دەستی کورد کارەساتە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا پێویستە ھەموو لایەنە کوردستانییەکان پەیامی سەرۆک بارزانی لەبەرچاو بگرن کە لە حەفتەی ڕابردوو لەبارەی حەرامکردنی شەڕی کورد دەریکردبوو."
ئەو چالاکەی کورد لە ئەڵمانیا گوتی: "ھەرێمی کوردستان وەک پارچەیەکی ئازادی خاکی کوردستانی مەزن بۆ ئێمەی کورد وەک دەوڵەتێک وایە، ھەرچەندە دەوڵەتیش نییە، بەڵام بۆ ئێمەی کوردان ئەو ھەرێمەی باشوور زیاتر لە دەوڵەتێکە، لەبەر ئەوەش، پێویستە ھەموو کوردانی ھەرچوار پارچەی کوردستان وەک ڕووناکیی چاومان ھەرێمی کوردستان بپارێزین."
جێگری سەرۆکی جڤاکی کوردی لە ئەڵمانیا دەڵێت: "داوا لە چەکدارانی پەکەکە دەکەین دەست لە چەکەکانیان بەردەن و شەڕی برا پێشمەرگەکانیان نەکەن، چونکە ھەر ئەوان بوون لە کاتی تەنگانەدان ھاوکاریی کوردانی ھەرچوار پارچەی کوردستانیان کردووە و دەیانھەزار ئاوارەی پارچەکانی باکوور و ڕۆژاوا و ڕۆژھەڵات لە ھەرێمی کوردستان جێگەیان کراوەتەوە."
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چەند ڕۆژێکە چاودێریی میدیای ھەندێ وڵات دەکەم دەزانین کەم نین ئەو وڵاتانەی خوازیارن کورد بەردەوام لە شەڕی براکوژیدا بێت و دەھۆڵ بۆ شەڕی کورد و کورد دەکوتن، ئەرکی ھەموو گەلی کورد و ھێز و لایەنە سیاسییەکانە ڕێگای دانوستان بگرنە بەر و کێشەکانیان لەنێو خۆیان چارەسەر بکەن و ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە شەڕی براکوژی ڕوو بدات، بەتایبەتی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و دەست لەو سیاسەتە بەردات بەرامبەر بە خەڵک و خاکی ھەرێمی کوردستان."
قائید میرۆ




