دیا کورد: باشووری کوردستان تاکە شوێنە ئاڵای کوردستان تێیدا دەشەکێتەوە و دەبێت هەموو لایەنەکان بیپارێزن
__2020_11_07_h16m48s22__ER.jpg)
لە دوای هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی گەلی کوردستان و هێرشیان بۆ سەر هێزی پێشمەرگە، ناوەندەکانی سیاسی و دیالۆگ و کەسایەتییەکان هاتوونەتە دەنگ داوا لە پەکەکە دەکەن ڕێز لە ئیرادە و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بگرێت.
کۆمیتەی دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆڕا (دیاکورد) لە ڕاگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردیستان نێردراوە، ڕایگەیاندووە: "لە ئەنجامی هێرشێکی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئامێدیی باشووری کوردستان، بەداخەوە پێشمەرگەیەک شەهید بوو و دوو پێشمەرگەش بریندار بوون. ئەو هێرشە کە لە ڕۆژی ٤/١١/٢٠٢٠ ڕووی داوە، ترس و خەمێکی گرانی خستووەتە دڵی هەموو کوردستانیان".
لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە: "هەرێم و دەسەڵاتی باشووری کوردستان تاکە شوێنە کە تێێدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەفەرمی دەشەکێتەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان ناسراوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستکەوتی هەموو کوردستانە و ئەرکی هەموو کورد و کوردستانییەکە بیپارێزێت. پێویستە هێزەکانی پارچەکانی تری کوردستان هەستیارانە چاو لەم ناوچەیە بکەن. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نموونەیەکن لەو هەستی بەرپرسیاریەتییە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەوان ساڵانێکی زۆر لە باشووری کوردستان ماونەتەوە، لە هەموو کار و چالاکییەکانیاندا بەرژەوەندییەکانی باشووری کوردستان دەپارێزن و ڕێز لە سەروەریی ئەم بەشەی وڵاتەکەیان دەگرن".
ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە: "ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ناوەندیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕەوشی شنگال مافی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و هیچ لایەنێکی چەکدار بۆی نییە هەڕەشەی لێ بکات. شنگال کوردستانە، نەک عێراق".
هێرش بۆ سەر بۆڕیی کورستان شەرمەزار دەکات و دەڵێت: "تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی کوردستان، دەستدرێژییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکان و بژێوی هاووڵاتییانی کوردستان و بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە".
لەبارەی شەڕی براکوژی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە: "بەرهەمی شەڕی براکۆژی و نێوخۆیی تەنیا ماڵوێرانییە بۆ نەتەوەکاەمان و زیان بە هەموو پارچەکانی کوردستان دەگەیەنێت. لە وەها بارودۆخێکدا دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان دەکەونە ژێر هەڕەشە و کاریگەریی خراپیشی لەسەر پرۆسەی ڕێککەوتنی لایەنە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە".
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "خواست و هیوامان ئەوەیە کە ئەم شەڕە چیتر بەردەوام نەبێت و مەترسی بۆ ڕوودانی کارەساتی گەورەتر دروست نەکات. پێویستە هەموو کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن".
بەیاننامەکە ڕووی لە سەرکردایەتی پەکەکە کردووە و دەڵێت: "ئێمە بانگ لە سەرکردایەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین کە ڕێز لە ئیرادە و سەروەری و بڕیارەکانی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بگرن".
ڕوو لە ڕێکخراو و حیزبە کوردستانییەکان دەڵێت: "ئێمە بانگ لە هەموو لایەن و ڕێکخراوەکانی کورد دەکەین کە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی هەڵوێستی یەکگرتووانە بگرنەبەر و بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی دیالۆگ هەوڵی جیددی بدەن".
عەزیز ڕەسووڵ




