٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەرێکی مەسیحییەکان: پەکەکە بووەتە ھەڕەشە بۆ سەر ھەموو پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ -KDP.info- نوێنەرێکی مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی، پەکەکە بووەتە ھەڕەشەیکی گەورە لەسەر ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی و پێکھاتەکانیش، چونکە لە سنووری دھۆک و زاخۆ نزیکەی ١٥ گوندی مەسیحی بەھۆی پەکەکەوە چۆڵ کراون، لەبەر ئەوەی پەکەکە بەردەوام تەعدای لێ دەکردن و وای دەکرد کە تورکیا گوندەکانیان تۆپباران بکات، بۆیە ناچار بوون چۆڵی بکەن، پێویستە لایەنەکان و حکوومەتی عێراق چیتر بێدەنگ نەبن لە ھەڕەشەکانی پەکەکە.

نوێنەری مەسیحییەکان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و دانیشتووی قەزای زاخۆ، وەحیدە یاقۆ ھورمز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەداخەوە پەکەکە بووەتە ھەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ھەموو پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و پێویستە ھەموو لایەن و پێکھاتەکان ھەڵوێستیان ھەبێت، چونکە لە دھۆک تەنھا یەک پێکھاتە نییە، ئەوەتا مەسیحییش بووەتە ئامانجی پەکەکە لە سنووری دھۆک و زاخۆ لە ناوچەکانی کانی ماسی و دەرکار و شەرانشێ و چەند ناوچەیەکی دیکە چەندین گوندی مەسیحی بەھۆی بوونی پەکەکەوە چۆڵ کراون."

وەحیدە یاقۆ ھورمز گوتیشی: "لەبەر ئەوەی پەکەکە زیاتر ھاتووە بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان گوندی زیاتریش چۆڵ کراون و لە کۆی ئەو٣٠٠ گوندەی مەسیحی نزیکەی ١٥ گوندی مەسیحی ھەیە کە چۆڵ کراون و دواین گوندیش لە ناوچەی شەرانشێ بوو کە ئەمساڵ چۆڵ کراوە."

ھورمز باسی لەوەش کرد: "خەڵکی ئەو گوندە مەسیحینشینانەش ھەموویان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بوونە، چونکە پەکەکە جگە لەوەی ھاتبووە ناو گوندەکانیان، بازگەی دادەنا و ڕێگریی لێ دەکرن و تەعدای لێ دەکردن، بۆیە ئەوانیش ناچار بوون چۆڵی بکەن."

گوتیشی: ''پێویستە ھەموو لایەنەکان ھەڵوێستیان ھەبێت چونکە پەکەکە ھەڕەشەیە بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان بەگشتی، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراقیش بێتە دەنگ و چیتر ڕێگە نەدرێت، پەکەکە بەو جۆرە تەعدا لە ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە پەکەکە بووەتە ھۆی ئەوەی تورکیاش سنوورەکانی ھەرێم تۆپباران بکات."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار