٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگەیاندراوێک لە هێمن هەورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- KDP. info-  ڕاگەیاندراوێک لە هێمن هەورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان سەبارەت بەدەستدرێژی و پەلامارەکانی ئەمڕۆی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

هێرش و دەستدرێژیی ئەمڕۆی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکۆنە دەکەین و داوا دەکەین پەکەکە دەستلەپێشێلکاری و هێرش و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی بۆ سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان هەڵگرێت و چیتر نەبێتە کێشەو گرفت بۆ قەوارەی دەستووری و خەڵکی کوردستان.

هێرش و دەستدرێژیی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە تاکە هێزی شەرعی و دەستووریی هەرێمی کوردستانە، بەڵگەی ئەوەیە کە پەکەکە هەرگیز سڵ لەتێکدانی گیانی برایەتی و تەبایی و یەکڕیزیی کوردستانییانە ناکاتەوەو بەمەنتیقی هێرش و پەلاماردان و دەستدرێژی مامەڵە دەکات.

خەڵکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی هەمیشە دووپاتیان کردووەتەوە کە پێویستە پەکەکە نەبێتە هۆکارێک بۆ هێنانەناوەوەی کێشەکان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بیانو نەداتە وڵاتانی دراوسێ، بەڵام سەرکێشییەکانی پەکەکەو گرفت دروستکردن هەرگیز دواییان نایەت و لەبری وەڵامدانەوەی دامەزراوە شەرعییەکان و هێزە کوردستانییەکان بەئەرێنی، کەچی هێرش و دەستدرێژی دەکەنە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە کۆتاییدا وێڕای هاوخەمیمان بۆ خانەوادەی ئەو پێشمەرگانه‌ی کەئەمڕۆ بەهۆی دەستدرێژی و پەلاماردانەکەی پەکەکە شەهید بوون، هاوکات داوا لەخوای گەورە دەکەین بەبەهەشتیان شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

هەرێمی کوردستان لەئێستادا لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی قەیرانی ئابووری و تەندروستی و پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هاوکات بەرپرسیارێتیی هەموو لایەنە سیاسییەکانیشە بەرگری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بکەن و خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان بپارێزن.

هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

4/11/2020
 

هەواڵی پەیوەندیدار