وەزارەتی كشتوكاڵ: بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك هەموو هەوڵێكمان خستووەتە گەڕ

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێ، دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، یەكێكە لە كارە گرنگ و ستراتیژییەكانی ئەم كابینەیە و، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هەوڵێكیان خستووەتە گەڕ.
كەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، ڕەهەندی سەرەكیی ئاسایشی نیشتیمانی، دابینكردنی ئاسایشی خۆراكە، چونكە ئەمە گرێ دراوە بە گەرەنتیكردنی ئاسایشی وڵاتان و ڕێگە نادات بكەونە ژێر قەیران و ئابڵووقەوە.
سلێمان گوتیشی، حكوومەتی هەرێم لەو هەنگاوەشدا بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیارانی دانا، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە، چونكە گەنم یەكێكە لە بەرهەمە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان.
دەشڵێ، حكوومەتی هەرێم لە ڕێگەی تەكنەلۆژیای كشتوكاڵییەوە، دەیەوێ جووتیاران بەرهەمی چواروەرزیان هەبێ، ئەم هەنگاوەی حكوومەتیش، دەبێتە پاڵپشتێك بۆ ئەوەی جووتیاران لە كارەكانیان بەردەوام بن.
كــاروان بــاعەدری




