هه‌ورامان: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چوار پڕۆژه‌ی ڕێگاوبان جێبه‌جێ ده‌كات

هەوارامان-KDP.info- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی هاووڵاتییان و ئیداره‌ی ناحیه‌ی بیاره و شاره‌دێی ته‌وێڵه‌ی دایەوە و به‌بڕی 327 ملیۆن دینار چوار پڕۆژه‌ی گرنگی ڕێگاوبان ده‌خاته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له‌وبارەیە‌وه حه‌مید بارام، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بیاره، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چوار پڕۆژه‌ی گرنگی بۆ ناوچه‌ی هه‌ورامان خسته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، داوامان له حكوومه‌ت كردووه به‌رده‌وام بێت له خستنه بواری جێبه‌جێكردنی پڕۆژه بۆ سنووری هه‌ورامان کە ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیارییه".
حه‌مید بارام ئاماژه‌ی به‌وه كرد: "چوار پڕۆژه‌كه پێك هاتووه له دروستكردنی جۆگه‌ی لاته‌نیشت بۆ ڕێگای ته‌وێڵه - ئاوێسه‌ر و كۆنكرێتكردنی سه‌ر جۆگه‌كان و چاکكردن و قێڕتاوكردنی ڕێگای مه‌رزی ته‌وێڵه - شۆشمێ و، ئەوە ڕۆڵێكی كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ فراوانبوون و ئاسانكردنی جووڵه‌ی بازرگانی له‌و مه‌رزه".
باروام زیاتر گوتی: "حكوومه‌ت پڕۆژه‌ی سیانه‌كردنه‌وه و قێڕتاوكردنی ڕێگای گونده‌كانی خه‌رپانی و خارگێڵان بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه و، پڕۆژه‌ی سیانه‌كردن و قیڕتاوكردنه‌وه‌ی ڕێگای گوندی گوڵپ بۆ باخه‌كۆنیشی خسته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه".
ناوبراو ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌زیری ئاوه‌دانكرنه‌وه و ڕێگاوبان بۆ سنووره‌كه پڕۆژه‌كان خراونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه ئێسته كاركردن له پڕۆژه‌كان ده‌ستی پێ كردووه، داواشمان كردووه حكوومه‌ت ڕێگای سه‌ره‌كیی بیاره سیانه‌وه و قێڕتاو بكاته‌وه و به‌ڵێنمان پێ دراوه جێبه‌جێ بكرێت".
عه‌زیز ڕه‌سووڵ




