كەركووك.. نزیكەی ١٠ھەزار دۆنم زەوی لە كورد وەرگیراوەتەوە

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك رایگەیاند، بەپێی ئامارێكی ورد، كە لە دادگاكانی كەركووك بڕیاری لەسەر دراوە، ١٩٨گرێبەست كە نزیكەی ١٠ھەزار دۆنم زەوییە، لە كورد وەرگیراوەتەوە و دراونەتەوە عەرەب، كە بەشێكیان كورد ئامادە نییە رادەستیان بكات، بەڵام ھەر چۆنێك بێت ئەو زەویانە لە پلانی كشتوكاڵی دەرھێندراون و ھیچ خزمەتگوزارییەك نایانگرێتەوە.
مەھدی موبارەك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بەپێی ئامارێكی وردی كشتوكاڵی كەركووك، ئەو گرێبەستانەی لە كورد وەرگیراون و دراونەتەوە عەرەبەكان، ١٩٨گرێبەستن كە دادگاكانی كەركووك بڕیاریان لەسەر داون، كە نزیكەی ٩ھەزار و٨٠٠دۆنم زەوییە.
موبارەك گوتیشی، ١٣گرێبەست لە دوبز، لە سەڕگەران ١١و لە ئاڵتن كۆپری ٦ و لە داقووق ١٢٧گرێبەست و لە لەیلان ٣٩، كە كۆی گشتیی ئەو گرێبەستانە ١٩٨گرێبەستە و پانتایی زەوییەكە ٩ھەزار و٨٠٠دۆنمە، كە بەشێكی لە كورد وەرگیراونەتەوە و بەشێكی كورد رووبەڕووی عەرەب بوونەتەوە و نەیانداوەتەوە عەرەب، چونكە زەویی كوردە و لێیان وەرگیراوەتەوە و تەنھا بڕیاری لێ دراوە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەو زەویانەی كێشەیان لەسەرە، تووشی زۆر گرفت دەبن و پلانی كشتوكاڵی نایانگرێتەوە، وەكو بنەتۆ و كیمیاوی و گاز و رادەستكردنی گەنم بۆ سایلۆكان.
دەشڵێ، لە سنووری پارێزگای كەركووك، یەك ملیۆن دۆنم زەوی كێشەی لەسەرە.
بڵند ئیبراھیم




