٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاتی تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ درێژ كرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆك-KDP.info- كاتی وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتیان بۆ تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ درێژ كراوەتەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانییەكانی دھۆكیش دەڵێ، دوای كۆتاییھاتن بە وەرگرتنی مامەڵە، پڕۆسەی تاپۆكردنی خانووەكان دەست پێدەكات.

ئەمیر ئەترۆشی، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانییەكانی دھۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای دەرچوونی یاسای تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ، وەزارەت رێنمایی دەركردووە بۆ ھەموو شارەوانییەكان دەست بە رێكاری جێبەجێكردنی پڕۆسەی تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ بكرێت لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستاندا و پڕۆسەی وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتیانیش بەردەوامە و لە سنووری پارێزگای دھۆكیش تا ئێستا زیاتر لە ھەژدە ھەزار ھاووڵاتی داواكارییان بۆ تاپۆكردنی خانووەكانیان پێشكەش كردووە".

بەرپرسەكەی شارەوانییەكانی دھۆك گوتیشی: "ژمارەیەكی زیاتر خانووی زێدەڕۆ لە سنووری پارێزگای دھۆك ھەن و پێشبینی دەكەین ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بێت، لەبەر ئەوەش دواكاتی پێشكەشكردنی مامەڵەی خانووی زێدەڕۆ مانگی رابردوو بوو، بەڵام كاتەكەی درێژ كراوەتەوە تا ھەموو ھاووڵاتیان بتوانن سوودمەند بن".

ئەترۆشی روونیشی كردەوە: "دوای وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتیان و پاكسازیكردن لە لیستی خانووی زێدەڕۆ، دەست بە پڕۆسەی تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆ دەكرێت، بەڵام كاتی كۆتاییھاتنی وەرگرتنی مامەڵە و دەستپێكردنی پڕۆسەی تاپۆ، دیار نییە كەی دەست پێدەكات و كەی كۆتایی دێت".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار