٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی ناوخۆ بەدواداچوون بۆ تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی ھەرێمی كوردستان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیارە لیژنەكەیان كۆببێتەوە و وێڕای سەركۆنەكردنی تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی ھەرێمی كوردستان، بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكات، چونكە ئەمە بڕینی قوتی خەڵكی كوردستانە و زیان بە ئابووریی ھەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.

نزار مەلا غەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەكو لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبینەوە و تێیدا سەركۆنەی تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی ھەرێمی كوردستان دەكەین، كە كردەیەكی تێكدەرانەیە و هەر لەو كۆبوونەوەیەشدا بڕیار دەدەین بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكەین، چونكە ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە ھەیە و پێویستە ھەڵوێستمان ھەبێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ناوخۆ گوتیشی: "ئەوەی كراوە، زیان بە ئابووریی ھەرێمی كوردستان دەگەیەنێت و بڕینی قوتی خەڵكی ھەرێمی كوردستانە، بۆیە ناكرێت لێی بێ دەنگ بین و پێویستە ھەڵوێستی جیددیمان ھەبێت".

ناوبراو دەشڵێ: "لە ئێستادا لە ناوچە سنوورییەكان زیانی زۆر بەر  خەڵك كەوتووە لە زاخۆوە تا حاجی ئۆمەران و، خەڵك ئەمساڵ نەیتوانی سوود لە بەرھەمەكانیان وەرگرن، چونكە ھەمووان كاری كشتوكاڵ و رەز و باغ و ئاژەڵداری دەكەن، بەڵام لە ترسی بوونی پەكەكە و بۆردوومان، نەیانتوانیوە كەڵك لە بەرھەمەكانیان وەرگرن".

مەلا غەفار باسی لەوەش كرد، ژمارەیەكی یەكجار زۆری گوندەكانی سەر سنوور بە ھۆی جموجۆڵی پەكەكە و بۆردوومانی توركیاوە چۆڵ كراون، چونكە پەكەكە دەرفەت بە توركیا دەدات سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان بۆردوومان بكات.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار