"بەھۆی پەکەکەوە ٦٥ گوندی مێرگەسۆر ئاوەدان نەبوونەتەوە"
__2020_11_01_h16m21s18__ER.jpg)
مێرگەسۆر-KDP.info- لە سنووری قەزای مێرگەسۆری پارێزگای ھەولێر بەھۆی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە ٦٥ گوند ئاوەدان نەبوونەتەوە و قایمقامی مێرگەسۆریش دەڵێت، ''خەڵکی ئێمە بووەتە قوربانیی شەڕی پەکەکە و تورکیا''.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ٦٥ گوند ئاوەدان نەبوونەتەوە و ھۆکاری سەرەکیش ھەبوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە ناوچەکە، ئەوان ھۆکارن، چونکە ساڵانە تورکیا بە بەھانەی ھەبوونی بنکە و بارەگای پەکەکە ناوچەکە دەکاتە ئامانج و لە دوای ڕاپەڕینەوە جگە لە زیانی زۆری ماددی ٢١ ھاووڵاتیی سڤیل بوونەتە قوربانیی بوردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە."
قایمقامی مێرگەسۆر گوتی: "خەڵکی ئەو گوندانەی ئاوەدان نەبوونەتەوە زیاتر لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان نیشتەجێ بوونە و لە ڕووی ئابوورییەوە زیانی گەورە بەر خەڵکی ناوچەکە کەوتووە، لەبەر ئەوەی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانیان و کاتێک نزیکی گوندەکانیان دەبن تەقەیان لێ دەکرێت."
غەفوور ئەحمەد جەختی کردەوە: "ئەو گوندانەی مێرگەسۆر کە ئاوەدان نەبوونەتەوە ١٠ گوندیان دەکەونە سنووری ناحیەی بارزان و ئەوانی دیکەش زۆربەیان دەکەونە دەڤەری مزووری سەر بە ناحیەی شێروان مەزن، ئەگەر بێت و پەکەکە لەو دەڤەرە نەمێنێت ئەوە بێگومان خەڵکی دەتوانن بگەڕێتەوە شوێنەکانیان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکات."
قائید میرۆ




