شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەرێم دەكات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاماری ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیارە لە كۆتایی ساڵی داھاتوودا پرۆسەی سەرژمێریی گشتی ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكارییەكان دەستیان پێكردووە و بڕیاریشە بۆ ئەو مەبەستە شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەرێم بكات.
سیروان محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیار وایە كۆتایی ساڵی داھاتوو پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و بڕیاریشە شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی ھەرێم بكات، بۆ ئەوەی ھەندێك شتی تەكنیكی ھەیە و سەرەتایین پێویستە لەسەری بگەینە رێككەوتن، كە فۆڕمی سەرژمێری چۆن رێك خراوە و ژێرخانی ئەلیكترۆنی ھاوشێوەی عێراق ھەبێت، كە ھەر لە ئێستاوە كاری لەسەر بكەین و ئامادەكارییەكانیش بۆ ئەو مەبەستە دەستیان پێكردووە، بەڵام ئەوەی گرنگە، بودجە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە تەرخان بكرێت".
بەڕێوەبەری ئاماری ھەرێمی كوردستان گوتیشی، لە ھەرێمی كوردستان لیژنەیەكی تایبەت دروست كراوە و گفتوگۆ لەبارەی ناوچە كوردستانییەكان لەگەڵ بەغدا دەكات و ئەو پرسە یەكلا دەكەنەوە، كە ئەو پرۆسەیە لەو ناوچانەدا چۆن ئەنجام بدرێت.
بڵند ئیبراھیم




