كۆتایی مانگی ١٢ بەشی یەكەمی شەقامی ١٥٠مەتری تەواو دەبێت

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی شارەوانیی ھەولێر رایگەیاند، بە شێوەیەكی چڕوپر كار لە دروستكردنی شەقامی ١٥٠مەتریی شاری ھەولێر دەكرێت و بڕیارە تا كۆتایی مانگی ١٢ ئەو شەقامە بەشی یەكەمی تەواو ببێت، كە ٩كیلۆمەتر دەبێت و دواتر قۆناغی دووەم دەست پێدەكات.
سیامەند كەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كۆمپانیای جێبەجێكاری شەقامی ١٥٠مەتریی شاری ھەولێر ئێمەی ئاگادار كردووەتەوە، كە لە كۆتایی مانگی ١٢ی ئەمساڵ بەشی یەكەمی شەقامی ١٥٠مەتریی ھەولێر تەواو دەبێت، كە لە ئێستادا دروستكردنی ئەو شەقامە لە جێبەجێكردندایە".
كەریم گوتیشی، ئەو بەشەی ئێستا كاری لێ دەكرێت و بڕیارە تەواو ببێت، ٩ كیلۆمەتر دەبێت كە لە جادەی بەحركە تا رێگای كۆیەیە، ئەمەش ھەنگاوێكی باش دەبێت لە دروستكردنی ئەو شەقامە.
دەشڵێ، دوای تەواو بوونی ئەو بەشە، دروستكردنی بەشەكانی دیكەی شەقامەكە دەست پێدەكات و كاركردن تێیدا بەردەوام دەبێت، تا شەقامەكە ھەموو تەواو دەكرێت.
شەقامی ١٥٠مەتریی شاری ھەولێر، یەكێكە لە شەقامە ستراتیژییەكانی پایتەخت، كە بە شێوەیەكی زۆر مۆدێرن و سەردەمیانە دروست دەكرێت و ماوەیەكیشە دەست بە دروستكردنی كراوە و خەریكە قۆناغی یەكەمی تەواو دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




