وەزارەتی پێشمەرگە: زانیارییەكان ئەوە دەردەخەن كە داعش خۆی رێكخستووەتەوە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ، زانیاریی ھەواڵگریمان لەبارەی جووڵەكانی داعش و خۆڕێكخستنەوەیان ھەیە و گۆڕینەوەی زانیاری ھەواڵگری لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغداش ھەیە، هەروەها ھاوپەیمانانیش زانیاریی ھەواڵگرییان ھەیە لەسەر جووڵەكانی ئێستای داعش.
لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "زانیاریی ھەواڵگری ھەیە لەسەر جووڵەی چەكدارانی داعش و لەو بارەیەوە گۆڕینەوەی زانیاری ھەواڵگری لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا ھەیە، لەلایەكی دیكەوە ھاوپەیمانانیش زانیاریی ھەواڵگرییان ھەیە لەسەر جووڵەكانی ئێستای داعش، بێگومان زانیارییەكان ئەوە دەردەخەن كە داعش خۆی رێكخستووەتەوە، بە شێوەی گرووپ و مەفرەزە لە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان، سوودمەند بوونە".
بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی رابردوو تیرۆریستانی داعش ھەوڵەكانیان چڕتر كردووەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەھێز بكەن، رەوشێكیش لە عێراق ھاتووەتە ئاراوە، داعش سوودی لە ناسەقامگیریی رەوشی ئێستای عێراق بینیوە".
ناوبراو روونیشی كردەوە: "جێگیرنەبوونی سیستمی حوكمڕانی و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، زەمینەیان بۆ چەكدارانی داعش ساز كردووە، واتە داعش سوودی لە خاڵە لاوازەكانی حكوومەتی عێراق بینیوە، ئەمەش ھۆكارە بۆ ئەوەی رۆژ بە رۆژ داعش خۆی رێك بخاتەوە و بەھێز بێت، بەمەش مەترسی بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دروست كردووە".
قائید میرۆ




