پەرلەمان: کرێی زانکۆ ئەھلیەکان ٢٥% کەمدەکرێتەوە

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمساڵیش داشکاندن بۆ کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە ئەھلیەکان بکرێت، ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەش دەڵێ، ئەوانەی قیستی یەکەمیانداوە بە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە.
حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ساڵی ڕابردوو نرخی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا ئەھلیەکان کەمکرایەوە و بڕیارە بۆ ئەمساڵیش نرخی کرێی خوێندن ٢٥% کەم بکرێتەوە و بڕیارەکەش دەچێتە واری جێبەجێکردن، پەیوەندیشمان بە وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کردووە، قوتابیانی دڵنیا کردۆتەوە لە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن.
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتیشی، "ئەوانەی قیستی یەکەمیانداوە لە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگا ئەھلیەکانی ھەرێمی کوردستان بۆیان قەرەبوو دەکرێتەوە لەکاتی دانی قیستەکانی داھاتوو مافی ھیچ قوتابیەک نافەوتێت.
گەردی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "کەمکردنەوەی نرخی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی ئابووری قوتابیانی ھەرێمی کوردستانە ئەوەش ھاوکاریەکی باشە بۆ قۆناغی ئێستا ٢٥%ی کرێی خوێندن کەمبکرێتەوە، چونکە کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش کەمکراوەتەوە.
قائید میرۆ




