٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مەسەلەی کورد، سوپا و یاساکانی تورکیا

سەرچاوە: KDP.info


نووسەر: عەلی بایرامئۆغڵو
سەرچاوە: یەنی شەفەق
کاتێک کە بمانەوێ بۆ ساڵی 2013 بۆ بارودۆخی گشتی تورکیا پێشنبینییەکانمان ئاراستە بکەین دەبێت سێ مەسەلەی سەرەکە مەسەلەی کورد، دەستووری نوێ تورکیا، سوپای تورکیا و بارودۆخی سووریا زۆر بە راشکاوی بخەینە بەرچاو.  خێرابوونی گۆڕانکارییەکان و کەماسی و کەمانییەکانی قۆناخی گۆڕانکارییەکانیش قاچی چوارەمی ئەم مەسەلانەیە. کە سەیری بارودۆخی ئەمرۆی تورکیا دەکەین بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم چوار مەسەلەیە بە شێوەیەکی یەکجار سەرسۆڕهێنەر و ئاڵۆز تێکەڵی یەکتر بوونە. پێشکەوتنەکان و رەوتی پێشکەوتنەکان لە مەیداندایە و هەر کەس دەزانێت و دەتوانێت بە چاوی خۆی رەوت و چۆنیەتی ئاراستەی رووداوەکان هەڵبسەنگێنێت.
هەڵمەتە جدییەکانی ئەم دواییەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئاکەپە و گەرمتر بوونی چاوپێکەوتنەکان لە گەڵ ئوجەلان بۆ چارەسەر کردنی مەسەلەی کورد نیشانەی داخستنی دەفتەری شەڕ و ناکۆکی و خوێن رێشتنە.  هاوکات لەگەڵ ئەمەیشدا بۆ ئامادە کردنی دەستووری نوێ تورکیا ئاکەپە هەر چەند خاوەن پێشنیار و تێبینی سەرەکە و گرنگ بێت و زۆربەی ئەم تێبینی و پێشنیارانەی خۆیشی خستێبێتە نێو دەستووری نوێ تورکیاوە بەڵام ئاکەپە هێشتاکە پێویستی بە هاوکاری بەدەپە هەیە و ئەمەیش بووەتە هۆکاری لە یەکتر نزیک بوونەوەی ئاکەپە و بەدەپە و ئەمەیش یەکەمینجار لە تورکیا پارتی دەسەڵاتدار لەگەڵ پارتییەکی کوردیدا ئەوەندە نزیک ببێتەوە و داوای هاوکاری و هەمانگی لێ بکات.
سەرۆک وەزیری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان باسی قۆناخی خاوێن کردنەوەی تورکیای کرد و لە چوارچێوەی ئەم قۆناخە نوێیەدا سیستەمی دادوەری تورکیا بۆ یەکەمینجار لە مێژووی کۆماری تورکیادا سەرۆک ئەرکانێکی سوپای تورکیای بە تیرۆریست لە قەڵەم داوەو سزای زیندانی بۆ بریوەتەوە. شتی سەرنج راکێش ئەوەیە کە هەر هەمووی ئەم ئیتیهام و تاوانانە بە هۆی ئەوەیەوە کە گوایا سوپا ویستوویەتی لە دژی دەسەڵاتی ئەردۆغان دەست بە کوودەتا بکات دەخرێنەتە پاڵ سەرۆک ئەرکانی سوپا و بەرپرسانی پێشووی سوپای تورکیا. دوای ئەوەی کە ئەم بەرپرسانە یەک لە دوای یەک خرانە گرتووخانەوە ئەمجارەیان ئەردۆغان وەکو بڵێ گاڵتەیان پێ بکات دەچێتە نەخۆشخانە و زیارەتیان دەکات.
هەر چاوێک کە خاوەن هێزی دیتن بێت دەبینێت کە تورکیا لە ساڵی 2013دا کەوتووتە نێو قۆناخێکی زۆر مەترسیدارەوە. ئاکەپە دەیەوێ سیستەمێکی نوێ لە تورکیا زاڵ بکات و بۆ ئەم مەبەستەیش لە هەر لایەکەوە دەستی بە رۆخاندنی سیستەمی کۆن و پاشماوەکانی سیستەمە کۆنەکانی تورکیا کردووە. راستە ئاکەپە دەیەوێ سیستەمێکی نوێ جێگیر بکات بەڵام بە کام پرۆژە و بە کام ستراتیژی و بە پێ کامە پلان؟
ئەگەر ئارمانجی ئاکەپە دیموکراسی و دیموکراتیزە کردنی تورکیا و سیستەمی تورکیایە دەبێت ئاشکرا بکەین کە لەم قۆناخەدا ئەو فاکتەرانەی کە دەبن هۆکاری لە ناو بردنی هیوا گەشەکانی دیموکراسی ئەوەندە زۆرن کە هیچ هیوایەکی مرۆڤ لە تورکیای نوێدا بە ەدیموکراسی نامێنێت.
سەیربکەین ئاکەپە لە لایەکەوە لە ژێر ناوی ئوپەراسیۆنی کەجەکە رۆژانە چەندین چالاک، رۆشنبیر و سیاسەتمەداری کورد دەخاتە بەندیخانەکانەوە و لە لایەکی دیکەیشەوە لە پێناو چارەسەر کردنی پرسی کورد و نەهێشتنی شەڕ و ناکۆکی دەست بە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئوجەلاندا دەکات. ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لە بەرامبەر ئەو قۆناخە نوێیەی کە ئاکەپە ناوی قۆناخی خاوێن کردنەوەی تورکیای لێ کردووە هەر جۆرە هەنگاوێک بنن، جا چە هەنگاوی سیاسی بێت یا خۆ یاسایی، ئەوا ئاکەپە و دارودەستەکەی بەو پەڕی هێزی خۆیانەوە هێرش دەکەنە سەری و بە شتی لاوەکی و جۆراوجۆر تاوانباری دەکەن.
بۆ مەسەلەی ئامادە کردنی دەستووری نوێ تورکیایش بارودۆخەکە هەر بەمجۆرەیە. پارتە سیاسییەکانی تورکیا بۆ ئامادە کردنی دەستووری نوێ تورکیا لەگەڵ یەکتردا زۆر ناکۆکن و تا ئێستا نەیانتوانیوە پێک بێن بەڵام کومیتەی ئامادەکاری دەستووری نوێ تورکیایش تا ئێستا تەنیا لە سەدا 15ی ناوەرۆکی دەستووری نوێ ئامادە کردووە، لە بەرامبەردا ئاکەپە ئاماژە بەوە دەدات کە ئەگەر لە پارلەمان دەستووری نوێ دەرنەچێت ئەوکاتە لەگەڵ بەدەپەدا بۆ خۆیان دەستوورێکی نوێ ئامادە دەکەن و رێفراندومیش لە سەر دەکەن.
با زۆر دوور نەرۆێن و سەیری بارودۆخی پرسی کورد و مسەلەیە کەجەکە بکەین، قۆناخێکی نویًَ لە تورکیا دەستی پێکرد زۆر باشە! بە پێ ئەم قۆناخە نوێیە چاوپێکەوتنی نێوان بەرپرسانی تورکیا و لایەنە کوردییەکانیش دەستی پێکردووە و لە ئەنجامدا، ئەو عەقڵیەتەی کە تا ئێستا هەر وەکو پرسێکی ئاسایشی سەیری پرسی کوردی دەکرد گۆڕانکاری گرنگی بە سەردا هات و سیاسەت توانی لە سەر زۆر و زۆری چەکدا خۆی بسەپێنێت. بێگۆمان ئەمە پێشکەوتنێکی باشە بۆ تورکیا بەڵام پێویستە لە هەر هەمووی بوارەکانی دیکەیشدا رەنگدانەوەی هەبێت. بۆ نموونە پارتی دەسەڵات نەتوانێت بەبێ دەلیل و بەڵگە کەسێک یا رێکخراوێک تاوانبار بکات و دەست بە دادگایی کردن یا خۆ تەشهیر کردنی بکات.
کە باسی تێکەڵ بوونی مەسەلەکانمان کرد دەبێت باسی مەسەلەی سووریا و تێوەگڵاو بوونی سیاسەتی دەرەکی تورکیایش بکەین. هەر چەند لە سەرەتادا حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئاکەپە سیاسەتی زۆر توندتری لە بەرامبەر سووریا و رژیمی ئەسەددا پەیڕەو دەکرد بەڵام رووداوە ناوخۆییەکانی تورکیا وایان لە ئاکەپە کرد کە بەبێ ئەوەی کەس بە تایبەتی بەبێ ئەوەی کە تورک و پارتە سیاسییە تورکەکان هەستی پێبکەن ئاکەپە سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر سووریادا گۆڕا و وەکو رابردوو ناتوانێت یا خۆ دەرفەتی نییە کە سیاسەتێکی توند لە بەرامبەر سووریا و رژیمی بەشار ئەسەددا پەیڕەو بکات بە پێچەوانەوە لە رێگای گرووپە چەکدارە عەشیرەییەکانەوە هەوڵ دەدات لە دژی کوردانی سووریا ئەو سیاسەتەی کە لە بەرامبەر ئەسەددا پەیڕەوی دەکرد پەیڕەوی بکات.
پرسی کورد و کاریگەرییەکانی پرسی کورد لە سەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی تورکیا و هەروەها هەڵە سیاسییەکانی تورکیا لە رووی سیاسەتی دەرەوە وای لە ئاکەپە کردووە کە ئاکەپە سیاسەتێکی دوو روویانە لە بەرامبەر زۆربەی هەرە زۆری مەسەلەکان پەیڕەو بکات. بۆ نموونە لە سەر ئاستی ناوخۆیی تورکیادا، ئوپەراسیۆنەکانی گرتنی سیاسەتمەدارە کوردەکان بەردەوامە و لە بەرامبەریشدا ئەردۆغان دەڵێت ئەگەر دەسەڵاتیش لە دەست بدەم هەرگێز واز لە چارەسەر کردنی پرسی کورد ناهێنم. سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای تورکیا و هەر هەمووی ژەنەراڵەکانی بە تاوانی تیرۆریشی و ئەندام بوون لە رێکخراوێکی تیرۆریستیدا دەخاتە گرتووخانەکانەوە و دواتریش دەچێت سەردانیان دەکات و داوای شەفایان بۆ دەکات.
لە سەر ئاستی دەرەکیش پیًَشتر بە هۆی مەسەلەی کوردەوە نەیدەتوانی راستەوخۆ دان بە حکوومەتی کوردی لە باشووری عێراقدا بنێت بەڵام ئێستا تەنیا دۆستی تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا حکوومەتی کوردی لە باکووری عێراقە. پێشتر وا هەڕەشەی لە ئەسەد دەکرد کە دەمانگوت ئەمرۆ یا سبێ تورکیا هێرشی سووریا دەکات و رژیمی بەشار ئەسەد لە ناو دەبات بەڵام ئێستا ئەو توندی و تووڕە بوونەی ئاکەپە سووڕاوەتەوە و بەروکی کوردە داماوەکانی سووریای گرتووە. لە کۆتاییدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم سیاسەتەی کە ئێستا لە تورکیا پەیڕەو دەکرێت سیاسەتێکی زۆر ئاڵۆزە و دەرئەنجامی باشی لێ ناکەوێتەوە. هەر ئینشاڵا نەبێتە هۆکاری شەڕێکی نەخوازراو، ئێمە تورک دەتوانین بە هۆی پێگەی خۆمانەوە تەحەمولی زۆر شت بکەین.

 

هەواڵی پەیوەندیدار