ھشیار فەریق: بەھۆی پەکەکەوە ٣٠٠ گوندی دھۆک ئاوەدان نەبوونە

دهۆک-PDK.info- چەندین ساڵە خەڵکی زیاتر لە ٣٠٠ گوندی سنووری پارێزگای دھۆک بەھۆی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە لە گوندەکانیان بێبەش کراون و بەرپرسێکی پارێزگای دھۆکیش داوا لە تورکیا و پەکەکە دەکات شەڕی خۆیان بگوازنەوە نێو وڵاتی خۆیان و چیتر خەڵکی ھەرێمی کوردستان باجی شەڕێک نەدات کە پەیوەندیی پێوەی نییە.
ھشیار فەریق، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دوای ڕاپەڕینەوە ژمارەیەکی بەرچاوی گوندەکانی دھۆک ئاوادان کرانەوە و خزمەتگوزاریش لەلایەن فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆیان دابین کرا، بەڵام زیاتر لە ٣٠٠ گوندی سنووری پارێزگاکە بەھۆی ئاڵۆزیی سنووری و ھەبوونی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە ئاوەدان نەکراونەتەوە و خەڵکی ئەو گوندانە لە سەنتەری شارەکان نیشتەجێ بوونە."
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دەشڵێت: "بەھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای چەکدارانی پەکەکە زیانی زۆری گیانی و ماددی بەر ھاووڵاتییانی دھۆک کەوتووە، چونکە لە لایەک تورکیا بە بەھانەی پەکەکەوە ناوچەکە بوردوومان دەکات و خەڵکی ئێمە دەبنە قوربانی، لە لایەکی دیکەوە پەکەکە خۆی بووەتە سەرئێشە و کێشە بۆ ھاووڵاتییان، داوا دەکەین ھەردوولا شەڕی خۆیان بگوازنەوە نێو خاکی تورکیا و بەسە ئیتر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان باجی شەڕێک نەدەن کە ھیچ پەیوەندییان پێوەی نییە."
فەریق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەر ئەمساڵ بەھۆی ئۆپەڕاسیۆنی تورکیاوە بۆ سەر پەکەکە لە ناوچەکانی زاخۆ و ئامێدی چەندین گوند ئاوارە بوونە و خەڵک ناوچەکانیان بەجێ ھێشتووە، ڕێژەی بێکاری زیادی کردووە، تەنانەت خەڵکی گوندەکان لە وەرزی پێگەیشتنی بەرھەمەکانیاندا ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان و خەریکە بڵێم خەڵکی ئێمە لە گوندەکانیان قاچاغ بوونە."
ھشیار فەریق جەختی کردەوە: "ئەگەر بێت و ئەو ئاڵۆزییانەی سەر سنوور نەمێنن، خەڵک دەگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان و دەرفەتی کار بۆ دەیانھەزار ھاووڵاتیی دھۆک پەیدا دەبێت و، حکوومەتیش دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ گوندنشینان دابین بکات."
قائید میرۆ




