دەستەی دەست پاکی ھەرێم: حکوومەت نییەت و ئیرادەیەکی باشی بۆ چاکسازی ھەیە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، بنەمای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی چاکسازییە و دەستی داوەتە چاکسازی و ئیرادە و نییەتێکی باشی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ھەیە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان، د.ئەحمەد ئەنوەر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەسەرەتای مانگی حەوت دەست بە جێ بەجێکردنی یاسای چاکسازی کراوە و، دوو ھەفتەی پێش ئێستا ئێمەش ھەندێک تیممان بەپێی بەشەکانی یاساکە پێکھێنا بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ یاساکە بکەین، کە جێبەجێ دەکرێت، تا کۆتایی مانگ بەردەوام دەبین و، دوای ئەوە راپۆرتێک لەبارەی بەدواداچونەکەمان دەدەینە سکرتاریەتی جێبەجێکردنی یاساکە، ئامانجمان ئەوەیە ھاوکاری جێبەجێکردنی یاساکە بکەین لەھەر شوێنێک گرفتێک ھەبێت، ئەوا بخەینە ڕوو، بۆ ئەوەی چارە بکرێت، چونکە چاکسازی بنەمای کارنامەی کابینەی ئەم حکوومەتەیە".
د.ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "ئەو یاسایە بەشێکە لە چاکسازی، بەڵام کە جێبەجێکرا، دەبێتە بەشێکی گرینگی چاکسازی، ئێمەش بە ئەرکی خۆمان دەزانین بەدواداچوون بکەین و پێشنیار بدەینە حکوومەت، چونکە چاکسازی پێویستییەکی ژیانە".
ئەنوەر باسی لەوەشکرد، ئەو ھەنگاوانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چاکسازی دەینێت، ئاماژەیەکی باشە و نییەتیان بۆ چاکسازی ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام پرۆسەی چاکسازی بێ گرفت و سەر ئێشە نابێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر کەرتەکە رێکبخەیتەوە وەکو لەیاساکەدا ھاتووە، ئاستەنگ درووست دەبێت و، ئەو یاسایەش تا جێبەجێ دەکرێت، کاتی پێویستە و، حکوومەت لە ھەموو کۆبوونەوەکانی باسی لە چاکسازی کردووە و گفتووگۆی لەبارەی یەک دوو برگەی چاکسازی کردووە.




